ڕۆژی 9ی شوبات

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1773ی زایینی، (ویلیام هێنری هاریسۆن) نۆهەم سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دایك بووە كە یەكێك بوە لەو سەركردانەی هەوڵی زۆری داوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئەمریكا لە رووی ئابوورییەوە.
-    لە میانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا كە ساڵی 1825 ئەنجامدرا، هیچ كامێك لە كاندیدەكان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەكان بە دەست بهێنن، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ڕۆژی 9ی شوبات (جۆن كوێسنی ئادامز)ی وەكو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵبژارد هەرچەندە ژمارەی دەنگەكانی لە (ئەندرۆ جاكسۆن)ی ڕكابەری كەمتر بوو.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1881، نوسەر ‌و بیرمەندی ڕوسیا ‌و جیهان (فیۆدۆر میخایلۆفیچ دۆستۆیفسكی) كۆچی دوایی كردوە، كە لە رۆڵێكی زۆری هەبوە لە پێشخستنی ئەدەب ‌و فكردا ‌و دوای خۆیشی چەندین بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتووە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1917، (كامل بەدرخان) لەگەڵا دەسەڵاتدارانی ڕوسیادا دەستی بە دانوستان كرد بەو ئامانجەی ناوچەی بۆتان بخرێتە ژێر فەرمانڕەوایی بەدرخانەكان ‌و لەلایەن حكومەتی مۆسكۆوە چاودێریی بكرێت.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1932، هێزەكانی سوپای عێراق هێرشێكی فراوانیان بۆ سەر ناوچەی بارزان ئەنجامدا بەڵام هێزە چەكدارەكان ‌و خێڵ ‌و شۆڕشگێڕانی كورد بە توندی بەرپەرچیان دانەوە كە لە ئەنجامی پێكدادانەكەدا دەیان كەس كوژران ‌و دەیانی دیكەش بریندار بوون ‌و هێرشەكەی سوپای عێراقیش تێكشكا.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1933، سیاسەتمەدار ‌و نوسەر ‌و بانگخوازی ئیسلامی (فەتحی یەكون) لە لوبنان لە دایك بووە، كە خزمەتێكی زۆری بە فكری ئیسلامی كردوە ‌و چەندین بەرهەمی گرنگی لەو بوارەدا نوسیوە.
-    دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەكەی (فیدڵا كاسترۆ)ەوە دەستورێكی نوێ‌ بۆ كوبا دانرا ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1959، دەستورەكە ڕاگەیەندرا ‌و خرایە بەردەم جەماوەری ئەو وڵاتە.
-    دوای ئەوەی بەعسییەكان كودەتایەكیان بەسەر حكومەتەكەی (عەبدولكەریم قاسم)دا ئەنجامدا ‌و كورسیی دەسەڵاتیان گرتە دەست ‌و قاسمیش دەستگیركرا ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1963 لە دادگایەكی كتوپڕدا سزای لە سێدارەدان بە سەر یەكەم سەرۆك كۆماری عێراقدا سەپێنرا ‌و ڕاستەوخۆش سزاكەیان جێبەجێ كرد.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1964، یەكەم تیپی ڕۆك لە جیهاندا دەركەوت كە ئەویش لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا بە ناوی (بیتڵز) خۆیان ناساند ‌و دواتر هونەری رۆك لە جیهاندا بڵاوبوەوە.
-    لە دوای نیشتنەوەی مانگی دەستكردی ئەپۆڵۆ 14 لەسەر ڕووی مانگ بە سەركەوتوویی، ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1971 كەشتییەكە گەڕایەوە بۆ سەر زەوی ‌و كۆمەڵێك بەرد ‌و خۆڵی سەر مانگ هێنرایەوە بۆ زەوی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە ‌و زانینی نهێنییەكانی مانگ.
-    پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1977، (مەلا مستەفای بارزان) نامەیەكی ئاراستەی (جیمی كارتەر)ی سەرۆكی ئەمریكا كرد سەبارەت بە بارودۆخی باشوری كوردستان بەڵام ئیدارەی ئەمریكا هیچ وەڵامێكی نامەكەی نەدایەوە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1979، (شازلی بنجەدید) وەكو سەرۆكی جەزائیر هەڵبژێردرا ‌و كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1987، هێزە ئەمنییەكانی بەعس ‌و سوپای عێراق پەلاماری گوندەكانی ناوچەی تەقتەقیان دا لە بەرامبەریشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕووبەڕوویان بوونەوە ‌و وێڕای تێكشكاندنی هێرشەكە دەیان سەربازیان كوشت ‌و چەندینی دیكەشیان بە دیل گرت.  
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1988، ژمارەیەك كوردی ناو گرتووخانەی شاری ئامەدی باكوردی كوردستان بە هۆی مامەڵەی خراپی بەرپرسانی گرتووخانەكەوە لەگەڵیاندا مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند.
-    دوای ئەوەی ئیسلامییەكانی جەزائیر زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەكانیان بردەوە ‌و ئەنجامەكەیشی پوچەڵ كرایەوە، قەیرانێكی سیاسی لەو وڵاتەدا ڕوویدا، بەو هۆیەشەوە حكومەتی جەزائیر ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1992 باری نائاسایی لەو وڵاتەدا ڕاگەیاند ‌و فەرمانی دەستگیكردنی بۆ ژمارەیەك سەركردەی ئیسلامیی دەركرد.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 1996، هونەرمەند ‌و ئەكتەری ناوداری میسری (عادل ئەدهەم) كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا بەشداریی لە چەندین بەرهەمی هونەریدا كردوە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2001، دوو ژێردەریایی ئەمریكی ‌و ژاپۆنی لە ئاوەكانی زەریای ئارامدا پێكیاندادا كە بە هۆیەوە كەشتییە ژاپۆنییەكە تێكشكا ئەوەش كێشەیەكی دبلۆماتیی لە نێوان تۆكیۆ ‌و واشنتۆندا هێنایە كایەوە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2004، لە میانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی كاتیی حوكمی عێراقدا (جەلال تاڵەبانی) كە ئەو كاتە یەكێك بوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم، چەندین بەڵگەنامەی مێژوویی خستەڕوو كە دەیانسەلماند شاری كەركوك كوردستانییە ‌و زنجیرە چیاكانی حەمرین سنوری باشوری كوردستانن.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2004، كۆمەڵێك لە جولەكە توندڕەوەكانی ئیسرائیل هەڵیانكوتایە سەر ژمارەیەك شوێنەوار لە نزیك مۆزەخانەی ئیسلامی لە ناو مزگەوتی ئەقسای شاری قودس، كە مێژووەكەیان دەگەڕایەوە بۆ سەرەتای شارستانییەتی ئیسلام ‌و ژمارەیەك لەو شوێنەوارانەیان تێكدا.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2005، فێستیڤاڵێكی گەورەی كورتە فیلم لە شاری هەولێر سازكرا لە ژێر ناوی (ئاڵای زێڕین) كە 40 كورتە فیلمی كوردیی تێدا نمایش كرا ‌و بەرهەمەكان لە سەرجەم پارچەكانی كوردستانەوە بەشدارییان كردبوو.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2009، هونەرمەند ‌و ئەكتەری عێراقی (عەبدولخالق موختار) لە تەمەنی 49 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە بە هۆی خزمەتە هونەرییەكانی چەندین خەڵاتی گرنگی پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2011، نوسەر ‌و زانای ئایینی ئیسلام ‌و ڕاڤەكاری قورئانی پیرۆز (ئەبومحەمەد فەزڵا حەسەن عەباس)ی ئوردنی لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 9ی شوباتی ساڵی 2012، شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە كە بە هۆیەوە بەشێك لە ڕێگە سنورییەكان داخران ‌و ڕێگەی نێوان چەندین گوندی ناوچە شاخاوییەكانیش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك گیران.
-    ئەمڕۆ لە لای كلدانی ‌و سریانییەكان بە ڕۆژی قەدیس (مارۆن) لە قەڵەم دەدرێت كە قەشە ‌و ڕاهیبێكی كریسیتیان بووە ‌و لە باكوری سوریا ژیاوە لە سەدەی چوارەمی زاینیدا لە ناوچەكانی حەڵەب ‌و ئەنتاكیە بانگی هاووڵاتیانی كردووە بۆ ئایینی مەسیحییەت.