چاککردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی دەست پێدەکاتەوە

پارێزگای سلێمانی

بە هەوڵەکانی پارێزگاری سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدوون و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و چەند لایەنێک تیمەکانی چاککردنەوەی شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی دەستیپێکردەوە.
رۆژی چوارشەممە 11-5-2016 د.ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی سەردانی تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کرد کە سەرقاڵی چاککردنەوە و قیرکردنەوەی ئەو شەقامانە دەبن کە بەهۆی بارانبارین یان خزمەتگوزاریەکانی ترەوە زیانیان پێگەیشتوە .
د.ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی سوپاسی کرێکاران و ئەندازیارانی تیمەکەی کرد کە سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و دواکەوتنی مووچەکانیان بەڵام لە خزمەتکردن و ئەرکەکانیان بەردەوامن.
زەردەشت رفیق محمود بەرێوبەری بەشی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند :
بەهاوکاری بەرێز پارێزگاری سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدوون و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی وچەند لایەنێک کە هاوکارمان بوون ، وادەی چاککردنەوەو قیرتاو کردنی شەقامەکانی شاری سلێمانی دەستیپێکردۆتەوە کە ساڵانە لە مانگی چوارەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی دوازدە بەردەوام دەبێت ، بەڵام خوازیارین قەیرانی دارایی کارنەکاتە سەر کارەکانمان و بتوانین تا ئەو بەروارە وەک ساڵانی رابردوو تیمەکانمان بەردەوامبن لە کارەکانیان و گرفتی هەموو شەقامەکان چارەسەر بکەین .
ساڵانە بەهۆی وەزی سەرماو بەفرو باران بارین و خزمەتگوزاریەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و هێلی تەلەفۆن و پرۆژەکان زیان بە شەقامەکان دەگات و بەو هۆیەوە ئاستەنگی بۆ رێگاو بان و شۆفێران دروست دەبێت ، شارەوانی سلێمانیش لەمانگی چوار تاکو مانگی دوازدە تیمەکانیان دەستبەکار دەبن بۆچاککردەوەی ئەو شەقامانەی زیانیان پێدەگات

ڕ.س