بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەكان ریكخرا.
ڕۆژی یەكشەممە 23/2/2020، بە سەرپەرشتیی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێگریكردن و خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا ڕێكخست.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو، بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان گەیەندرایە هەموو دامودەزگاكان و پێشنیاز و پڕۆژەكان گەڵاڵە كران بۆ باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەموو پشتیوانییەكی حكومەتی هەرێمی لەو بوارەدا دووپاتكردەوە و جەختی لەسەر بڕیار و راسپاردەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگای سلێمانی كردەوە و چەند ڕێوشوێنێكی پێویستی دیاریكرد بۆ باشتر كۆنترۆڵكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
دواتر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەگەرییدا پارێزگاری سلێمانی بە بەشداریی بەڕێزان قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، ئەنجامی كۆبونەوەكەیان ڕاگەیاند و داوایان لە هاووڵاتیانی بەڕێز كرد ڕێنماییە تەندروستییەكان پەیڕەو بكەن و جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی تۆمار نەكراوە و هەموو لایەك ئاگاداركرانەوە لە خۆپارێزیی و هۆشیاریی تەندروستی، ئەوەش دووپاتكرایەوە كە هیچ كەسێك هەوڵی قۆرخكاریی و شاردنەوە و بردنە دەرەوەی كەلوپەلە تەندروستییە پێویستەكان نەدات، بە پێچەوانەوە .بە توندی سزا دەدرێت
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber