بانگەوازێك لە وەزارەتی تەندروستییەوە

پارێزگای سلێمانی

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بانگەوازێك بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە ‌و داوا لەو گەشتیارانە دەكات كە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دووربكەونەوە لە ماڵ ‌و منداڵیان ‌و سەردانی شوێنی تایبەتمەند بكەن بۆ دڵنیابوونیان لە توشنەبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، داواش لە هاووڵاتیان دەكات لەو كەسانە نزیك نەبنەوە كە پشكنینیان بۆ نەكراوە ‌و لە حاڵەتی بوونی كەسانێك كە بەبێ‌ پشكنین هاتوونەتەوە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، پەیوەندی بە تیمەكانی تەندروستییەوە بكەن.
ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازەكەیە:
 
بانگەوازێكی بەپەلە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان...
دوای بڵاوبوونەوەی لیستی ناوی ئەو گەشتیارانەی گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی كەڕەنتین بكرێن و جیابكرێنەوە وەیان بە قاچاغ و دوور لە تیمەكانی پزیشكی ئێستا لە هەرێمی كوردستانن یان هەر گەشتیارێكی تر كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو گەڕاونەتەوە جێگای مەترسین، ئاگاداریان دەكەینەوە كەوا بەزووترین كات دووركەونەوە لە ماڵ و منداڵ و خێزانەكانیان و پەیوەندی بە تیمەكانی پزیشكی بكەن، داواش لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەكەین كەوا نزیك نەبنەوە لەم بەڕێزانە لەپێناو تەندروستی خۆتان و خانەوادەتان و پەیوەندی بكەن بە تیمەكانی تەندروستی لەپێناو ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19. بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان.

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان