لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی سلێمانی كۆدەبێتەوە و چەند بڕیار و رێنماییەك دەردەكات سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ڕۆژی یەكشەممە 29/3/2020، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا بە وردیی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ میكانیزم و ڕێكارەكانی باشتر خۆپارێزیی و چارەسەرسازیی پەتای كۆرۆنا كرا.
دواتر ئەم بڕیار و ڕێنماییانە دەركران:
١. لە رۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، لە سەعات (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ بانكە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەم مەرجانەی خوارەوە دەكرێنەوە:
أ- پەیڕەوكردنی تەواوی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەكان.
ب- لە هەر بانكێكدا نابێت لە (٥) كارمەند زیاتر بە (بەڕێوەبەر و كارمەندەكانیشەوە) دەوام بكات.
ت- دەبێت بە پێی لیستێك سەردانكەران ڕێكبخرێن و كاتی پێشوەختیان بدرێتێ و نابێت لە یەك كاتدا لە دوو كەس زیاتر بچێتە بانكەكەوە.
پ- پێویستە كارمەندان و سەردانكەرانی بانكەكان پابەندی تەواوی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكانیان بن.
ج- پێویستە بانكەكان پاكژ بكرێنەوە و دەرمانپژ بكرێن.
٢. هەموو ڕێكخستن و مۆڵەتپێدانێكی كەرتی كشتوكاڵی و خانووی پلاستیكی و كێڵگە و نەمامگە و هەنگەوانی و...تاد لەلایەن فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانییەوە دەبێت بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان و فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاكاندا بە پێی سنوری كارگێڕیی خۆیان.
٣. كۆمپانیاكانی دابەشكاریی خۆراك و پێداویستییەكان لەناو شاری سلێمانیدا كارەكانیان لە سەعات (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی جێبەجێ دەكەن.
٤. یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هیچ ئەندامێكی نوێ وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەك بۆ ڕسوماتی ڕێگەپێدان وەرناگرن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی سلێمانی كارەكانیان دەكەن.
٥. دەست بە دابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكاندا كراوە و لەدوای (١/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكاندا دەكرێت و پێویستە بریكارەكان و هاووڵاتیانیش لە سنوری گەڕەكەكانیاندا پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بن.
٦. كاركردن بە كرێكاران و توانستمەندانی بیانیی لە كارگە و كۆمپانیاكاندا ئاساییە بە مەرجێك پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بن و هیچ هاتووچۆیەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانیاندا نەكەن.
٧. پێویستە هەموو فەرمانگەكان لە كاتی وەرگرتنی موچەدا پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بكەن و بەڕێوەبەران و جێگرانیان بە نووسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو ڕۆژە موچە وەردەگرێت و بە ناسنامەكانیان كارئاسانییان بۆ دەكرێت.
٨. هەر فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاریی لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یان بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكەیەوە بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەی خۆی لە كاتی دەوامكردن و ئەركی فەرمیدا كاری هاتووچۆی كارمەندەكانی خۆی ڕێكدەخات. هەر كارمەندێك لە ئەركدا نەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ بشكێنێت و بۆ كاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەكەی بەكاربێنێت، سزا دەدرێت.
٩. نۆرینگەكان بە پێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانییەوە بە شێوەی (تەناوب) و بەپێی پێویستی گەڕەكەكان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە كاردەكەن:
١- پێویستە نۆرینگە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس ڕەشكرابێت.
٢- كارمەندی نۆرینگە دەبێت بە ماسك و دەستكێش و گاونی پزیشكی كار بكات.
٣- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ هاووڵاتیان لەبەردەست بێت بە بەردەوامی.
٤- نابێت قەرەباڵخی لە نۆرینگەدا هەبێت، واتە ماوەی نێوان دوو كەس لانی كەم لە یەك مەتر كەمتر نەبێت و لە یەك كاتدا یەك كەس زیاتر نەبینرێت و بە ئاگاداری لە ناوەوە و دەرەوەی نۆرینگەكە هەڵبواسرێت.
٥- نابێت چارەسەری ئەو كەسانە بكرێت كە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان هەیە.
٦- لە كاتی بوونی گومان و زانیاری لەسەر هەر كەسێك بە تووشبوون یان نیشانەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێویستە ڕێنوێنی بكرێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات كە دەستنیشان كراون بۆ پشكنین یان چارەسەر.
٧- پێویستە سجلی تۆماری سەردانكەران بۆ نۆرینگە هەبێت كە سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆمار بكرێت.
١٠. تیمەكانی چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ زیاد دەكرێن و شەو و ڕۆژ بە بەردەوامیی لە ئەركدا دەبن.
١١. بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان، كاری پێویست بۆ ڕێكخستن و مۆڵەتپێدانی هاتووچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ دەكات كە دەكەونە پسپۆڕی و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
١٢. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەكەكان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بكەن، كە پێویستیان بە بەرنامەی پشتیوانیكردنە.
١٣. پێویستە هەموو ئەو كەس و دەستە و لایەن و كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بكەن و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان بێ دووبارەبوونەوە سودمەند بن و بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٢٩/ ٣/ ٢٠٢٠