لیژنەی باڵا سوپاسی هاونیشتمانییان دەكات

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی  لە راگەیەنراوێكدا بە ناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانییەوە سوپاسی خۆڕاگریی هاونیشتمانییان ‌و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لە بەرامبەر خۆڕاگرییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەیە:
بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، سوپاسی خۆپارێزیی و پابەندیی و خۆڕاگریی و گیانی بەرپرسیارانەی هەموو هاونیشتمانیانی هۆشمەند و دانشمەندی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و دامودەزگاكانی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان و كەرتی تایبەتی نیشتمانیی و مێدیاكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەكەین.
بەرنامەی پێویست و فریادڕەسی نوێمان وەك پارێزگای سلێمانی، پەرەپێدانی كەلتوری خۆپارێزیی و تاكپارێزییە، بەو مانایەی هەریەكێكمان ببینە پزیشكی خۆمان و لە هەر كات و دۆخ و شوێن و كارێكدا بین، هەركەسەمان لەسەر بنەمای (پاراستنی خۆم؛ پاراستنی هەموومانە، پاراستنی خۆت؛ پاراستنی هەموو جیهانە)، ڕەفتار بكەین.
بۆ ئەوەی ژیان ئاسایی بكەینەوە و ژینگەی كار و چالاكیی ڕۆژانە دەستپێبكاتەوە، وادەخوازێت، تاك بە هۆشیاریی و هەستیارییەوە، خۆی خۆی بپارێزێت، دەوروبەر و كۆمەڵگایش سەرزەنشت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەركەسێكدا بكات، كە سەرپێچی و سەركەشیی و بێباكیی لە خۆپارێزیی خۆیدا دەكات و، ڕێگە نەدەین هیچ كەسێك بەبێ ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان، بەبێ دەستكێش و دەمامك، گوزەر بكات، كار بكات.
دەبێت خۆمان لە دروستكردنی قەرەباڵغی و بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون، بپارێزین، بۆ ئەوەی خۆمان و مرۆڤایەتیش بپارێزین.
هەر لێرەوە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، لەم پەیام و پلانە تەندروستییە مرۆییە نیشتمانییەدا پشتیوانمان بن و هانی ئەندام و لایەنگر و هەوادار و هەڵسوڕاوەكانیان بدەن بۆ (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە.
پابەندبوونی ئێوە، ڕێگای دووری دەربازبوون لەم پەتایە، كورت دەكاتەوە و مەترسییەكانی سەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆ دەرفەتەكانی ژیانەوە و بوژانەوە و ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكان دەگۆڕێت.
بەهەمان شێوە داوا لە هەموو دەزگا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین پشتیوانیی تەواوی ئەم پەیامی (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی)یە بن، بۆ ئەوەی بە هەموومان ژیان لە مردن ڕزگار بكەین.
لە بەشداریی و پشتیوانیی هەمووتان دڵنیاین،
چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتانین.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٥ / ٤ / ٢٠٢٠

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber