پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پەسەند كرا

پارێزگای سلێمانی

ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیاری گرنگ دەربارەی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی دەدات .
رۆژی سێشەممە ٥/ ٥/ ٢٠٢٠ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە .
لە كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی كوردستان و رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرا كە بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران خستەڕوو تایبەت بە بابەتی شایستە داراییەكان و دۆسێی نەوت و گاز. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندەكە و بەرزنرخاندنی هەوڵەكانیان، پێشنیارەكانی شاندەكەی پەسەند كرد بۆ بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازی ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەسەر دەستبەجێ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی یاسای چاكسازیی بە پێی ئەو پلانەی لە لایەن لیژنەی باڵای چاكسازیی پەسەندكرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێكاریی پێویست بە ئاراستەی زامنكردنی مافی مووچەخۆری شایستە.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەركرد:
• كەمكردنەوەی خەرجییەكان :
لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:

١) كەمكردنەوەی مووچە و دەڕماڵەی خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی پارێزگا لە بوارەكانی خزمەتی شارستانی و سەربازیی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.
٢) خەرجكردنی تەنیا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەو پلە تایبەتانەی كە لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەن و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە كە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیی چارەنووسی وەزیفیان یەكلایی بكاتەوە.
٣) پێویستە وەزارەتی دارایی وئابووری مووچە تەنیا بۆ ئەو كەسانە خەرج بكات كە تۆمارن لە داتابەیسی تۆماری بایۆمەتری و بە فیعلی لە خزمەتی وەزیفیدان، هەروەها بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی كە بە فیعلی خزمەتی وەزیفی ناكەن.
٤) كەمكردنەوەی بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێك تەنیا بوارە سەرەكییەكانی خەرجی بگرێتەوە وەكو بواری دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی و خواردنی نەخۆشخانە و زیندانییەكان و خانەی بەساڵاچووان و نەوجەوانان ومنداڵان و شێڵتەرەكانی ژنان وپاكردنەوەی شار و شارۆچكەكان و نەخۆشخانەكان و پێداویستیەكانی ئاو و كرێی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و چاكردنەوەی ڕێگاوبانەكان.
٥) پەیڕەوكردنی سیستمی نوێی ئۆنلاین بۆ خەرجكردنی بودجەی تەشغیلی لە پێناوی برەودان بە شەفافیەت و كەمكردنەوەی رووتین.
٦) ڕاگرتنی خەرجییەكانی بودجەی وەبەرهێنان (پڕۆژەی وەزارەتەكان و پەرەپێدانی پارێزگاكان).
٧) پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەی وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری بە ئاراستەی كەمكردنەوەی بۆ نزمترین ئاست.
٨) راگرتنی خەرجكردنی راستەوخۆی وەزارەتەكان لەسەر بەشە داهاتی خۆیان.
٩) پێداچوونەوە بە خەرجییەكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز.

• زیادكردنی داهات:

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادكردنی داهات، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەركرد:

١) ڕێكخستنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بە شێوەی گرێبەست لە دەروازە سنوورییەكان پێشكەش دەكرێن بە جۆرێك، دەبێت داهاتی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت.
٢) هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەی كە دراون لە رەسمی گومرگ و باج كە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەكان.
٣) كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان بەمەبەستی رێگری لەهەر كارێكی نایاسایی كە زیان بە داهاتی گشتی بگەیەنێت.
٤) پابەندكردنی كۆمپانیا ناوخۆییەكانی بواری نەوت وگاز، كۆمپانیاكانی بواری سكیوریتی و كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندی و ئینتەرنێت و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە پێدانی باج لە چوارچێوەی یاسا وڕێنماییەكان.
٥) ڕێكخستنەوەی میكانیزم و ئەو لایەنانەی كە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەكان بە شێوەی گرێبەست كۆدەكەنەوە بەجۆرێك كە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
٦) سەپاندنی باج لەسەر هاوردەكردن و پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەكان.
٧) پێویستە لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پۆڵینی سەرجەم ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بكات كە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕای پێداچوونەوەی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی بە گرێبەست بەكرێدراون لە رووی نرخ و شێوازی گرێبەست بۆ ئەوەی وەك سامانێكی نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بكرێت.
٨) هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكردووە.
٩) هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی كە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكردووە.
١٠) تاپۆكردنی سەرجەم ئەو زەوییانەی كە بە شێوەی كارت تەرخانكراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە ناوی هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون.
١١) جەردكردنی سەرجەم موڵك و ماڵی حكومەت و سەرجەم دامەزراوەكان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە تا وەك سەرچاوەیەك بۆ داهاتی گشتی مامەڵە بكرێت.
١٢) وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان لە لایەن وەزارەتی دارایی وئابووری لەبەر ڕۆشنایی یاسای چاكسازیی.
١٣) پەسەندكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی دابەشكردنی كارەبا و كۆكردنەوەی كرێی بەشداربووانی كارەبا لە لایەن كەرتی تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حكومەت.
١٤) پەسەندكردنی پڕۆژەی كڕینەوە و بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەرتی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حكومەت بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ.
١٥) داشكاندنی ڕێژەیەك لەو پێشینانەی حكومەت كە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووك) بە مەرجێك هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەكان بگەڕێننەوە بۆ حكومەت.

• سووككردنی بارو گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا زیانمەند بوون:

١) لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی تر، بۆ ئەو ماوەیەی كە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاریبهێنێت بەهۆی داخستن بە پێی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

٢) بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە وەك ڕێكاریی خۆپارێزیی.

٣) دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حكومی و شارەوانییەكان بۆ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

٤) لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر ڕۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.

٥) بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە كرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو ١٥/ ٦/ ٢٠٢٠.
٦) پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی تر كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات ، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ وەدەستهێنانی داهات كەدەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

• دەستپێكردنەوەی دەوام :

ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەركرد:
١) دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت لە رێكەوتی ٦/ ٥/ ٢٠٢٠ ەوە.
٢) وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت ، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان و رێكخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە ١١/ ٥/ ٢٠٢٠ .
٣) فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی دەكات بەمەبەستی كارئاسانی لە جێبەجێكردن وراییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیكترۆنی.
٤) هاووڵاتییان لە دوای ١١/ ٥/ ٢٠٢٠ دەتوانن سەردانی فەرمانگەكان بكەن بە لە بەرچاوگرتنی رێكارەكانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەكان .

• لامەركەزی ئیداری :

ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لەسەر كاركردن بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاكان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە بە جۆرێك كە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان و شۆركردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber