بڕی دوو ملیار دینار بۆ كەرتی تەندروستیی سلێمانی تەرخان دەكرێت

پارێزگای سلێمانی

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، دوایین پێشهاتەكان تاووتوێ‌ كرا ‌و بڕی دوو ملیار دینار بۆ كەرتی تەندروستی تەرخان كرا.
ڕۆژی پێنجشەممە 18/6/2020، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیدا، سەبارەت بە ڕێكار و بەرنامە و پێشنیازەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تێگەیشتن و كۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سەرەكییەكانی بەشدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتە خۆجێییەكان و باری دارایی و ئابووریی و موچەی موچەخۆران و قۆناغەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، گفتوگۆیان كرد.
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی و ئامادەیی خۆیانی بۆ هەر پێشنیاز و هەماهەنگیی  و كارێكی هاوبەش دەربڕی لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی كیانی دەستوریی هەرێمی كوردستان، دواتر بڕی دوو ملیار دیناری بۆ كەرتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی لە ڕێی بەڕێز وەزیری تەندروستییەوە تەرخانكرد و جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە هەموو تواناكان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دابینكردنی موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و كاركردن لەسەر پەرەپێدانی بنەما ئابووریی و داراییەكان تەرخان دەكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی سوپاسی هەڵوێستی بەڕێزیان و بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، كە بەدەنگ پێشنیاز و دەستپێشخەریی و داخوازییە جەماوەریی و فەرمییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و پارێزگای سلێمانییەوە هاتن و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیانیان بۆ هەماهەنگیی و كاری هاوبەش دەربڕی.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber