لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی رۆژی شەممە كۆبوەوە و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێكی دەركرد، ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانە كە گشتاندنی بۆ سەرجەم دامودەزگاكان پێكردووە:
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ (٢٠٢٠/٦/٢٧)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:
١- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی تردا لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (٢٠٢٠/٧/١) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت هاتووچۆ بكات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دیاریكراون و لە دوای ئەو كاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاری دەكات.
٢- ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حكومییەكان، جگە لە هێزەكانی ناوخۆو كەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەكان بەپێی سروشتی ئەرك و ئێشكگریی خۆیان، درێژ دەكرێتەوە بۆ ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤).
٣- هەموو مزگەوت و پەرستگا و شوێنە ئاینییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.
٤- تاقیكردنەوەی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەو تاقیكردنەوەی پراكتیكیی ئامادەییە پیشەیەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیاندا بە پێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان بەڕێوەدەچن.
٥- تاڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤)، هەموو نۆرینگە ئەهلیەكانی پزیشكی ددان دادەخرێن و لەكاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژكارییەكانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بكەن. هەر كلینیكێكی پزیشكیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەكی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
٦- تا ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەكان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن كاربكەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەكانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.
٧- نێرگەلەخانەو هەر كافتریایەك كە نێرگەلە پێشكەش بكات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیك، جیمەكان، یانە شەوانەكان، مەیخانەكان، شوێنەكانی كاتبەسەربردن و سەرگەرمكردن، هۆڵی بۆنەو كۆڕو كۆبوونەوەكان، بەداخراوی دەمێننەوە.
٨- پرسەو پرسەی گەڕەكەكان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو كۆبوونەوەیەكی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێك قەدەغەن.
٩- گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) تا ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێك سەرپێچی بكات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
١٠- هەر شۆفێرێكی (تەكسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
١١- قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بكەن.
١٢- لە دابەشكردنی موچەدا فەرمانگاو خەزێنەو بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەكەن بەپێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان و، فەرمانگەكان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێكارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەكرێت موچە دابەش دەكەن.
١٣- لە هەر شوێنێك، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان جێبەجێ نەكرێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
١٤- هەر كۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێكی كەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
١٥- پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون و كۆبوونەوەیەك بەدوور بگرن.
١٦- پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان لێپرسینەوەو ڕێكارەكان وردترو زیاترو خێراتر بكەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەك كەمتەرخەمیی بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
١٧- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربكەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٠٢٠/٦/٢٧