نەخۆشخانەیەك بۆ نەخۆشییە گوازراوەكان لە دەربەندیخان دەكرێتەوە

پارێزگای سلێمانی

لەسەر ئەركی خێرخوازێك نەخۆشخانەیەكی نەخۆشییە گوازراوەكان لە دەربەندیخان دەكرێتەوە، پارێزگاری سلێمانیش پشتیوانیی خۆی بۆ كەرتی تەندروستی لە سنورەكەدا دووپات دەكاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 30/6/2020، لە قەزای دەربەندیخان د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان قائیمقامی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان و بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومییەكان و دەستەیەك لە نوێنەرانی خەڵكی بەڕێزی دەربەندیخان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان، بەشدارییكرد لە كردنەوەی (نەخۆشخانەی بێشكان بۆ نەخۆشییە گوازراوەكان) لە دەربەندیخان، كە لەلایەن خێرخوازی بەڕێز (عوسمانی حاجی حەمەسەعید)ەوە لەسەر ئەركی تایبەتی خۆی و لەژێر چاودێریی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخاندا دروستكراوە.
نەخۆشخانەكە بە (٢٦) تەخت بۆ چارەسەر و چاودێریی كۆرۆنا و لە دواتردا وەك نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن سودی لێوەردەگیرێت، پارێزگاری سلێمانی سوپاسی بەڕێز عوسمانی حاجی حەمەسەعیدی كرد و هیوای خواست نمونەی ئەو مرۆڤە بەخشندە و مەردانە زۆربێت، پیرۆزبایی پارێزگای سلێمانیشی پێشكەش بە خەڵك و ئیدارەی دەربەندیخان كرد بۆ ئەو پڕۆژە گرنگە و پشتیوانی خۆی بۆ كەرتی تەندروستیی دووپاتكردەوە.
لە بەشێكی تری سەردانەكەیدا بەڕێز پارێزگار سوپاسی بەڕێز مامۆستا ناسیح مەلا حەسەن قائیمقامی قەزای دەربەندیخانی كرد، كە لە سبەینێوە كۆتایی بە كارەكانی دێت و دڵسۆزانە لەماوەی ڕابردوودا بە پشتیوانیی هەموان ئەركەكانی جێبەجێ كردووە.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber