بۆ هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

رۆژی هەینی 3/7/2020 لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبوەوە ‌و چەند بڕیارێكی دەركرد، ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانە:
 
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ (۲٠۲٠/۷/۳)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:
١- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی تردا لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (۲٠۲٠/۷/۱٠)بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ كەسێك نادرێت هاتووچۆ بكات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دیاریكراون و لە دوای ئەو كاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاریدەكات.
٢- ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حكومییەكان، جگە لە هێزەكانی ناوخۆو كەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەكان بەپێی سروشتی ئەرك و ئێشكگریی خۆیان، درێژ دەكرێتەوە بۆ ڕۆژی (۲٠۲٠/۷/١٠).
٣- هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.
٤- هەر كلینیكێكی پزیشكیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەكی تایبەتیی و ئەهلیی پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
٥- چێشتخانە و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەكان‌، كافتریاو و ڕێستورانتەكان (بەبێ پێشكەشكردنی نێرگەلە)؛ لە ڕۆژی ۲٠۲٠/۷/٤ە‌وە بەم مەرجانە دەكرێنەوە:
- هەر یەكێك لەم شوێنانە تەنها نیوەی مێزو شوێنەكانی دانیشتنی بەكاربهێنێت.
- پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بێت.
- هەر شوێنێك پابەندنەبێت بەو مەرجانەی سەرەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
٦- جیمەكان، شوێنی چارەسەركردنی سروشتیی؛ بەپێی ڕێكارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان دەكرێنەوەو هەر شوێنێك پابەندنەبێت بەو مەرجانەوە‌ بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
۷- نێرگەلەخانەو هەر كافتریایەك كە نێرگەلە پێشكەش بكات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیك، یانە شەوانەكان، مەیخانەكان، شوێنەكانی كاتبەسەربردن و سەرگەرمكردن، هۆڵی بۆنەو كۆڕو كۆبوونەوەكان، بەداخراوی دەمێننەوە.
۸- پرسەو پرسەی گەڕەكەكان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو كۆبوونەوەیەكی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێك قەدەغەن.
۹- پێویستە گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس و تەكسی) بەپێی ڕێكارو ڕێنمایی و مەرجە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان كاربكەن و هەر شۆفێرێك پابەندنەبێت بۆماوەی هەفتەیەك دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت.
١٠- قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بكەن.
۱۱- لە دابەشكردنی موچەدا فەرمانگاو خەزێنەو بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەكەن بەپێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان و، فەرمانگەكان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێكارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەكرێت موچە دابەشدەكەن.
١۲- لە هەر شوێنێك، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان جێبەجێ نەكرێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
۱۳- هەر كۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێكی كەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.
١٤- پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەككەوتن و تێكەڵاوبوون و كۆبوونەوەیەك بەدوور بگرن.
۱٥- بەشێوەیەكی گشتیی پشتیوانیی و پەیڕەویی لە سیستمی خۆپاراستن و چارەسەركردن لەماڵەوە بە (خۆچارەسەركردن و هاوچارەسەركردن) دەكەین و داوا لە هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەین پشتیوانمان بن بۆ خزمەتكردنی باشترو دەرفەتدان بە چارەسەركردنی حاڵەتە توند و قورس و مەترسیدارەكان.
۱٦- داوا لەو هاووڵاتییە بەڕێزانە دەكەین كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابوون و چاكبونەتەوەو مەرجە تەندروستییەكانیان تێدایە؛ بەشداربن لە بەخشینی خوێن بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانییەكانمان، هەر مامەڵەو بازرگانیكردنێك بە خوێن و پلازمای خوێنەوە قەدەغەیەو بەدەرە لە بنەما ئاینیی و یاسایی و مرۆیی و ئەخلاقییەكان.
۱۷- هەر كەسێك بە هەر هۆیەك هێرش و سوكایەتیی بكاتەسەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی و دامەزراوە تەندروستییەكان ڕێكاری یاسایی توندی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
١۸- لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان بەردەوامدەبن لەسەر لێپرسینەوەو گرتنەبەری ڕێكارەكان و هەر فەرمانگەو لیژنەیەك كەمتەرخەمیی بكات، ڕێكاری یاسایی و كارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
١۹- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربكەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٣/ ٧/ ٢٠٢٠