دەوامی فەرمانگەكان دەست پێدەكاتەوە

پارێزگای سلێمانی

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە ‌و چەند بڕیارێكی نوێ‌ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ‌و دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان دەدات، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو گشتاندنەیە كە بۆ یەكە كارگێڕییەكان ‌و فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەرچوە:

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، (٢٠٢٠/٧/٩) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:
١- بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٣)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دیاریكراون، (جگە لەو خاڵانەی لەم گشتاندنەدا دیاریكراون).
٢- لە ڕۆژی یەكشەممە (٢٠٢٠/٧/١٢)وە دەوامی فەرمیی گشت دامودەزگا حكومیەكان بەپێی بڕیارو مەرج و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكانی پێشتر ڕاگەیەندراون، دەستپێدەكاتەوە.
٣- هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/١٢)وە بەپێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان ئاسایی دەكرێتەوە.
٤- سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەكان ڕێكاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەك دەگرنەبەرو ئەركی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكان و دامەزراوە دادوەرییەكان و كەرتی تایبەتە هاوكارو هەماهەنگیان بن.
٥- لە ڕۆژی شەممە (٢٠٢٠/٧/١١)وە تاقیكردنەوە وەزارییەكانی (١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەكات، بۆ باش بەڕێوەچوونی كەشی تاقیكردنەوەكان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، بەسوپاسەوە موەلیدە ئەهلیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەكاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا، كارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریكراوی تاقیكردنەوەكاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابین دەكەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٠٢٠/٧/٩