سلێمانی كەمترین رێژەی هەژاریی ‌و بێكاریی تۆمار دەكات

پارێزگای سلێمانی

لە راپۆرتێكی دەروازەی عێراقی بۆ زانیارییە دیجیتاڵییەكان، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق كەمترین رێژەی هەژاریی ‌و بێكاریی تۆمار كردوە لە ساڵی 2020دا.
بە پێی نوێترین راپۆرت، كە لەلایەن پێگەی (دەروازەی عێراقی بۆ زانیارییە دیجیتاڵییەكان ٢٠٢٠) ئامادەكراوە، تێكڕای ڕێژەی هەژاریی لە عێراقدا بریتییە لە ( 20%) ‌و لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاكانیش پارێزگای سلێمانی كەمترین رێژەی هەژاریی و بێكاریی تێدایە بە رێژەی (4.5٪)، بەرزترین رێژەی هەژاریی ‌و بێكارییش لە پارێزگای موسەننا تۆمار كراوە بە ڕێژەی (52%).
راپۆرتەكەی دەروازەی عێراقی بۆ زانیارییە دیجیتاڵییەكان بە پشتبەستن بە راپۆرتی وەزارەتەكانی پلاندانان ‌و تەندروستی ‌و دارایی ‌و دەستەی ناوەندیی ئاماری عێراق، داتا ‌و ژمارەكانی كۆكردوەتەوە ‌و بڵاویكردوونەتەوە.
سەبارەت بە یەكە كارگێڕییەكانیش بەرزترین ئاستی هەژاریی ‌و بێكاریی لەسنوری پارێزگاكانی موسەننا ‌و قادسییە ‌و میسان بە ڕێژەی (70 – 77%) تۆمار كراوە، بەڵام لە راپۆرتەكەدا كە سنوری پارێزگای هەڵەبجەش لەسەر پارێزگای سلێمانی دەستنیشان كراوە، یەكە كارگێڕییەكانی (قەزای مەڵبەندی سلێمانی، هەڵەبجە، بیارە ‌و دەربەندیخان) كەمترین رێژەی هەژارییان تێدا تۆمار كراوە بە رێژەی (١٪) لەسەر ئاستی یەكە كارگێڕییەكانی دیكەی عێراق.
بۆ بینینی تەواوی راپۆرتەكە كلیك لەم لینكە بكە:
https://drive.google.com/file/d/1-wCOVgrjsbOslc0EDo0TOWt5-N5GfHNy/view?fbclid=IwAR0mIt6s_l_DhrdRWQrs6iZj5D9-8bITOWFYXtTGvudDA9pahwsItqZkNkM