كۆبوونەوەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بەڕێوەدەچێت

پارێزگای سلێمانی

كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە شاری هەولێر ‌و بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیران ‌و بەرپرسانی پەیوەندیدار ‌و یەكە ئیدارییەكان بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی.
ڕۆژی دووشەمە 26/4/2021، بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبونی بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو و پارێزگارەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەكانی شارەوانی و پلاندانان، كۆبونەوەیە‌كی تایبەت بە شێوازەكانی ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە‌چوو.
لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا بە وردی باس لەكاریگەرییەكانی كە‌مبارانی و وشكە‌ساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرا و پلانی حكومە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان بۆ رووبە‌ڕووبونە‌وە‌ی خرایەڕوو‌.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانە ئابورییەكانی وشكەساڵی لەسەر سێكتەرە جیاوازەكان، بودجەیەكی تایبەت تەرخانكرا و بڕیاردرا كە ئەولەوییەت بدرێت بە زامنكردنی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان ‌و گرنگی بدرێت بە پرۆژەكانی كەرتی كشتوكاڵیی و پیشەسازیی.
لە دوای تاووتوێكردنی هەمەلایەنەی شێوازەكانی رووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، پێویستی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانكردنی بودجەی پێویست دووپاتكرایەوە بۆ دروستكردنی بەنداوی بچوك، لە پێناو گلدانەوەی ئاوی باراناو و دواتر سودلێوەرگرتنەوەی لەبواری كشتوكاڵیدا.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ پرسی وشكەساڵی باس بكرێت بۆ ئەوەی هاوكاربن لە چارەسەركردنی هەر گرفتێكدا كە رووبەڕووی هەرێم ببێتەوە بە هۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵییەوە، جەختیش لەوە كرایەوە دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی كەناڵە دیبلۆماتییەكانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بكات بۆ كۆنترۆڵكردنی شێوازەكانی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكان، بە جۆرێك كە بە‌رژە‌وە‌ندیی هەرێمی كوردستان لە‌بە‌رچاو بگیرێت و ئەو بارگرانییە كەمبكاتەوە كە بەهۆی وشكەساڵییەوە رووبەڕووی ناوچەكە دەبێتەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber