چەند بڕیارێك لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانەوە

پارێزگای سلێمانی

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە نووسراوی ژمارە (٩٣١٠)ی ڕۆژی (٧/٥/٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆ پێماندراوەو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، بڕیارماندا:
١- لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا، قەدەغەی هاتووچۆ نابێت، پێویستە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن و خۆیان لەسەردانیكردن و تێكەڵاوبوون بپارێزن و نەبنە هۆی دروستكردنی بەریەككەوتن و كۆبوونەوەو قەرەباڵغی.
٢- هەر شوێنێك پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستییەكان نەبێت دادەخرێت و، بەپێی ئەو بڕیارانەی لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٣- قەدەغەی هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عیراقدا وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەپێی ئەو ڕێكارانەی كە لە بەیانی ژمارە (١٥)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون.
٤- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بەپێی تایبەتمەندیی یەكە كارگێڕییەكانیان ڕێنمایی و ڕێكاری پێویست پەیڕەو بكەن، بەمەرجێك پێچەوانە نەبن بە ناوەڕۆكی نووسراوی ژمارە (٩٣١٠)ی ڕۆژی (٧/ ٥/ ٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٧/ ٥/ ٢٠٢١