بابا رەسوڵ غەفور: 186951 ئاوارەو پەنابەر لەناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان ماون

پارێزگای سلێمانی

 

بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی پارێزگای سلێمانی ئیشوكارەكانی تایبەتە بەڕاپەڕاندنی ئیشوكاری ئاوارەو پەنابەرانی سنوورەكەو بەدەنگەوەچوونی ئەو قەیران و كارەساتانەی لەناكاوو كتوكپڕ روودەدەن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و دەربەدەری و ئاوارەبوونیان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت: سەرەتا (7) كەمپ هەبووە، بەڵام دووانیان داخراون و ئێستاش 5 كەمپی ئاوارەو پەنابەر هەیە، كەچواریان تایبەتن بەئاوارەكان و یەكێكیش بەپەنابەران.

بابا رەسوڵ غەفور عیسا بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان (DMCR) بۆ سایتی پارێزگا باسی لەوەكرد، ئەركی سەرەكیی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان راپەڕاندنی ئیشوكاری ئاوارەو پەنابەرانی سنوورەكەیە، هەروەها بەدەنگەوەچوونی ئەو قەیران و كارەساتانەی لەناكاوو كتوكپڕ روودەدات و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و دەربەدەری و ئاوارەبوونیان لەئەنجامی روودانی (بومەلەرزە، لافاو، ئاگركەوتنەوە، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان)، وتیشی: سەرەڕای ئەوانەش و لەپای هەستكردنمان بەئەركە نیشتمانییەكان و هەڵگرتنی بەشێك لەبەرپرسیارێتی لەهەماهەنگی و گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریكردن (لەخواردن، چادر، جلوبەرگ و پێڵاو) بۆ هێزی پێشمەرگە كە لەشەڕی دژی داعشدا بوون لەئەستۆمان گرت.

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان باسی لەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ئەركی سەرەكی راپەڕاندن و بەهاناوەچوونی ئاوارەو پەنابەرانە، هەروەها گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان لەبوارەكانی (پەروەردە، تەندروستی، خۆراك و ناخۆراكی و ئاوو ئاوەڕۆ) بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكان (ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان)، بۆ هەر سێكتەرێك لەو سێكتەرانە فەرمانبەرێك راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەو ئامادەكردنی راپۆرت و گەیاندنی بەبەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

بابا رەسوڵ غەفور، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعش و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی وڵاتی سوریا بەلێشاو ئاوارەو پەنابەر روویان كردە هەرێمی كوردستان و بەشێك لەو ئاوارەو پەنابەرانە روویان لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین كردو بەشێك لەو ئاوارانە لەكەمپ نیشتەجێ كران، وتیشی: كەمپەكانیش بریتین لە:

1.    كەمپی عەربەت، سنووری پارێزگای سلێمانی.

2.    كەمی ئاشتی، سنووری پارێزگای سلێمانی.

3.    كەمپی باریكە بۆ پەنابەران، لەسنووری پارێزگای سلێمانی.

4.    كەمپی سورداش، لەسنووری پارێزگای سلێمانی.

5.    كەمپی بەرزنجە، لەسنووری پارێزگای سلێمانی

6.    كەمپی تازەدێ، لەسنووری ئیدارەی گەرمیان.

7.    كەمپی قۆرەتوو، لەسنووری ئیدارەی گەرمیان.

روونیشیكردەوە، پاش رزگاركردنی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەشێك لەئاوارەكان گەڕانەوە لەساڵی (2018) هەردوو كەمپی سورداش و كەمپی بەرزنجە داخران، لەبەرئەوەی نیشتەجێكانیان زۆربەیان گەڕانەوە.

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لەبارەی كەمپەكان و ئاوارەكان زیاتر دواو وتی: لەئێستادا ژمارەی كەمپەكان (5) كەمپ ماوەتەوە كەیەكێكیان تایبەتە بەپەنابەران و وەرگرتنی زانیاری و داتای ئاوارەكان، وتیشی: ئەركێكی سەرەكی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەو بەردەوام هەماهەنگی و سەردانی كەمپەكان و قائیمقامییەكات و ناحیەكان دەكەین بۆ نوێكردنەوەی داتای ئاوارەكان.

روونیشیكردەوە، بەپێی دوا ئامار كە لەبەردەستدایە ژمارەی كەمپ و ئاوارەو پەنابەرەكان بەمشێوەیەیە:

* ژمارەی ئاوارەكان لەناو كەمپەكان (2.437) خێزانن، كەدەكاتە (11.629) تاكی خێزان.

* ژمارەی ئاوارەكان لەدەرەوەی كەمپەكان (25.73) خێزانن كەدەكاتە (148.787) تاكی خێزان، ژمارەی گشتیی ئاوارە لەناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ دەكاتە (27.510) خێزان كەئەویش دەكاتە (160.516) تاكی خێزان.

بابا رەسوڵ غەفور لەبارەی پەنابەرەكانیشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:

- ژمارەی پەنابەران لەناو كەمپ (2.246) خێزانن، كەدەكاتە (9518) تاكی خێزان.

- ژمارەی پەنابەرانی دەرەوەی كەمپ (3.203) خێزان كەئەویش دەكاتە (16.917) تاكی خێزان.

- كۆی گشتی پەنابەری ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپ دەكاتە (5449) خێزان و ئەویش دەكاتە (26.435) تاكی خێزان.

- كۆی گشتی ئاوارەو پەنابەر لەناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان دەكاتە (32.959) خێزان، كەئەویش دەكاتە (186.951) تاكی خێزان لەسەرجەم سنووری پارێزگای سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی پارێزگای سلێمانی سەر بەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانەو ئۆفیسی سەرەكی لەپارێزگای هەولێرەو راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی دەكرێت.

 

ئامادەكردنی: رەنجدەر بەهادین