رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی زیاتر دەكرێن

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی جەخت دەكاتەوە لە خستنەگەڕی هەموو هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی ‌و پشكنینەكان زیاتر دەكرێن.
رۆژی شەممە 31/7/2021، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سەردانی نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگی كرد، كە تایبەتە بە نەخۆشیی كۆرۆنا ‌و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریدا كۆبوەوە.
لە میانی بەسەركردنەوەكەدا، پارێزگاری سلێمانی گوێی لە داواكاریی هاووڵاتیان گرت ‌و جەختی لەوە كردەوە، هەموو هەوڵەكان دەخرێنەگەڕ لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان ‌و رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
هەر لە میانی سەردانەكەیدا پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی نەخۆشخانەكە ‌و بەرپرسانی كۆمپانیای ئیبن سینا كۆبوەوە، بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان ‌و خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
د. هەڤاڵ ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی نەخۆشخانەكانی پشكنینی كۆرۆنا ‌و پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتیان زیاتر دەكەن، لە پێناو ئەوەی زۆرترین ژمارەی هاونیشتمانییان لە كورتترین ماوەدا ڤاكسین وەربگرن، یاخود پشكنینیان بۆ بكرێت ‌و ئەوانەی تووشی بوون، خێرا چارەسەر وەربگرن.
وتیشی: لەمەودوا تیمەكانی پشكنین زیاتر دەكرێن ‌و سەردانی كتوپڕ‌و رێكخراو و هەڕەمەكی بۆ شوێنە جیاجیاكان دەكەن بەو ئامانجەی زۆرترین خەڵك پشكنینیان بۆ بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە دكتۆر ئازاد هەورامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر تایبەت بە وێبسایتی پارێزگای سلێمانیی راگەیاند: سێ‌ كۆمپیوتەری نوێ‌ بۆ نەخۆشخانەكە دابین كراوە ‌و خراونەتە كار، بۆ ئەوەی كاری هاووڵاتیان ‌و ئەو كەسانە خێراتر رایی بكرێن كە سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن.
وتیشی: ئێستا رۆژانە لە نێوان سێ‌ بۆ سێهەزار ‌و پێنجسەد پشكنین ئەنجام دەدەن بۆ هاووڵاتیان ‌و لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەكە زیاتر دەكرێن.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe