كارەكانی پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران بە باشی بەڕێوەدەچن

پارێزگای سلێمانی

كاركردن لە پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە ‌و لە زۆربەی بەشەكانیدا كاری بڕین ‌و كۆڵین تەواو بووە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا دەست بە سەبكردن ‌و كۆنكرێتكردنی بناغەی بەشێك لە بەشەكان دەست پێدەكات.
ئەندازیار زاهیر زانا سەیدگوڵ بەرپرسی پێگە لە پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران بە سایتی پارێزگای سلێمانیی راگەیاند: كۆتایی مانگی ئایاری 2021 دەست بە كاركردن كراوە لە پرۆژەكەدا ‌و كارەكان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، وتیشی: بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، ساڵی ئاییندە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكرێت ‌و هەنگاو بەهەنگاو بەشەكانی پرۆژەكە تەواو دەكرێن.
پرۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران پرۆژەیەكی ستراتیژیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ‌و لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێ‌ دەكرێت، رۆژی 23/5/2021 بەردی بناغەی دانراوە‌و چەندین بواری جیاواز لەخۆدەگرێت كە پێكدێن لە (سایلۆ، پاركی ئارد، كارگەی ساوەر، كارگەی بڕوێش، كارگەی پاستا، عەلەف، بنەتۆو....هتد).
سیروان سەرحەد قائیمقامی دوكان لەوبارەیەوە بەسایتی پارێزگای راگەیاند: پرۆژەكە بۆ سنورەكە گرنگە ‌و كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ناوچەكە، وتیشی: سنورەكە دەبێتە ناوچەیەكی بەرهەمهێنەر ‌و بەتەواوبوونی پرۆژەكە، ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی بەرزدەبێتەوە.
سایلۆی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ساڵی ئاییندە دەكەوێتەكار ‌و لە 48 ئەمبار پێكدێت، كە توانای گلدانەوەی 300 هەزار تۆن گەنمی دەبێت، بەكر عەبدولكەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون لە بارەی پرۆژەكەوە بۆ سایتی پارێزگا دواو وتی: پرۆژەكە ستراتیژییە ‌و سەدان هەلی كار بۆ گەنجان ‌و هاووڵاتیانی سنورەكە ‌و تەواوی كوردستان دەڕەخسێنێت، تەواوبوونیشی دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی زیاتری ناوچەكە.

پرۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران:
رۆژی 23ی ئایار بەردی بناغەی دانرا
لەسەر ڕووبەری 600 دۆنم زەوی دروست دەكرێت
گوژمەی تێچوونەكەی زیاتر لە 121 ملیۆن دۆلارە
لە 48 سایلۆ ‌و چەندین كارگە پێكدێت
توانای ئەمباركردنی 300 هەزار تۆن گەنمی دەبێت
دەكەوێتە بناری شاخی پیرەمەگروون
هەلی كار بۆ سەدان كەس دەڕەخسێنێت

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber