شوێنەواری مێژوویی و ئایینیی بەرزنجە كە بە مەزاری شێخ عیسا و شێخ موسا ناسراوە، شوێنێكی پیرۆزە و دەكەوێتە ناحیەی بەرزنجە (سرۆچك)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و مێژووەكەی بۆ نزیكەی 800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەو مەزارە جگە لە مەرقەدەی هەردوو شێخ عیسا و موسا، ژمارەیەك كەسی دیكەشی لێ نێژراوە، مەرقەدەكە لای موسڵمانان شوێنێكی پیرۆزە و ساڵانە كەسانێكی زۆر لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرەوەی عێراقیش سەردانی دەكەن.
سەید ئەحمەد سەید رەزا سەید تەها سەید فەرەج سەید كاكەحەمە، سەرپەرشتیاری مەرقەدی شێخ عیسا و موسا و پێشوازیكردن و بەڕێكردنی میوانان و زیارەتكارانی مەرقەدەكە، بەم شێوەیە باس لە كات و چۆنیەتیی دروستبوونی مزگەوتەكە و مەرقەدەكە دەكات.
شێخ عیساو شێخ موسا كێن و لەكوێوە هاتوون؟
سەرەتا باسی ئەوە دەكەین كە ئەم دوو زاتە كەی هاتوون و لەكوێوە هاتوون و كوڕی كێن، ئەوان كوڕی سەید بابە عەلی هەمەدانن، لە ساڵی 665ی كۆچی تەشریفیان هێناوەتە بەرزنجە، بابە عەلی هەمەدان سێ كوڕی هەبووە، سەید محەمەد، سەید موسا و سەید عیسا، كە سەید موسا برا گەورەی سەید عیسایە، سەید محەمەد مەرقەدەكەی لەناوچەی كابوڵە لە ئەفغانستان، سەید موسا و سەید عیسا چوونەتە حەج و دوای ماوەیەك گەڕاونەتەوە بۆ عێراق بۆ سەردانی خزمان و دۆستانیان، بۆ لای ئیمام موسای كازم و ئیمام حسێن، دوای ئەوەی ویستویانە بگەڕێنەوە بۆ هەمەدان بە كوردستاندا هاتوون، گەیشتوونەتە بەرزنجە و شەویان بەسەردا هاتووە و لە بەرزنجە ماونەتەوە، لە شوێنێك كە كانییەكی بچوكی لێبووە تاكو پشوو بدەن و دوای نوێژی بەیانی بگەڕێنەوە بۆ هەمەدان.
چۆن و بۆچی بڕیاری مانەوەیان داوە لە بەرزنجە؟
ئەو شەوەی هەردوو شێخ عیسا و موسا لە بەرزنجە ماونەتەوە، پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) چووەتە خەویان و فەرمانی پێكردوون بە مانەوەیان لە بەرزنجە، بەگوێرەی گێڕانەوەكان پێغەمبەر فەرموویەتی لە بەرزنجە بمێننەوە و مزگەوتێك دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو شوێنە ببێتە شوێنی خۆیان و نەوەكانیان، بۆ رۆژی دواتر كە هەڵدەستن خەوەكەیان بۆ یەكتری دەگێڕنەوە و بڕیاری مانەوە دەدەن، چونكە ئەوە فەرمانی پێغەمبەر بووە و پێغەمبەریش هیچ شتێكی لە خۆیەوە نەفەرمووە و ئەوەی كە فەرموویەتی فەرمانی خوای گەورە بووە، شێخ عیسا و شێخ موساش بە مەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی پێغەمبەری ئیسلام دەستیان كردووە بە بنیاتنانی مزگەوت، دوو كەسی تریش ئەو كاتە لەوێ بوون، كە لەلایەن حاجی سەید قادری كاژاوەوە نێردراون و كاریان دروستكردنی خانوو بووە لە قامیش، جگە لەوەش ئەو دوو كەسە راسپێردرابوون بۆ ئەوەی پارێزگاریی لەو شوێنە بكەن، بۆ ئەوەی كەسانی نامۆ نەچنە ئەو شوێنە، كە دەبینن دوو كەس سەرقاڵی دروستكردنی خانوون، یەكێك لەو پیاوانە دەچێتەوە لای سەید قادری كاژاو و پێیدەڵێت كە دوو كەس هاتوونەتە ئەو شوێنە و خەریكی خانوو دروستكردنن، ئەویش تووڕە دەبێت و پێی ناخۆشە كە كەسانێك هاتوون و بێ پرس خانوو لەو جێگەیە دروست دەكەن، سەید قادر دێت و دواتر كە یەكتر دەناسن و ئاشنای یەكتر دەبن، دواتر سەید قادر و چەند كەسێكی دیكە هاوكارییان دەكەن و دەست دەكەن بە دروستكردنی مزگەوت و دیوار تەواو دەكەن و دواتر و دوای تەواوكردنی مزگەوتەكەش شێخ عیسا و شێخ موسا سەرقاڵی پەرستش و خزمەتكردنی موسڵمانان و هەژاران و بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام بوون، تەكیەكەیان لە ناو مزگەوتەكەدا بووە و بەردەوام خزمەتیان كردووە، دواتریش لەگەڵ بابانییەكان و لەگەڵ حاجی كاك ئەحمەدی شێخ تیكەڵاو بوون.
شەهیدبوونی شێخ موسا
دوای شەهدبوونی سەید موسا، سەید عیسا فاتمە خانی خێزانی سەید موسا مارە دەكاتەوە و دوانزە منداڵی دەبێت، سەید عبدالكریمی قوتب كە كوڕە گەورەیەتی و سەید عەلی گۆڕەكەی لە باساكە و حەزرەتی سەید سادق و سەید ئیسحاق كە مەزارەكەی لە گوندی كاكەییەكانە لای هەڵەبجە، سەید كابل كە مەرقەدەكەی لە مەریوانە لە ئێران، سەید عەباس و سەید وەیسا و سەید حەسەن و سەید حسێن مەرقەدەكانیان لە خوار گڵەزەردەوەن لە قەرەداغ، سەید كەمال، سەید محەمەد.
بەردە رەشەكە
جگە لە مەزاری شێخ عیسا و شێخ موسا و مزگەوتەكە، بەردێكی رەشیش لە بەرزنجە هەیە و تا ئێستا چەند جارێك براوە بۆ پشكنین و دواتر زانرا كە ئەو بەردە لە مەككە و مەدینەی سعودییەوە هێنراون، جگە لەوەش چەند سەیدێكی دیكە لە ناو مەرقەدەكەدا نێژراون، لەوانەش (حاجی شێخ غەریب، كاك سەید كەریم و شێخ جاف، سەید حەسەن، سەید نەجیب و سەد مەحمود و سەید جەمیل).
سەرەتا مزگەوتەكە بە دار دروست كراوە و مزگەوتێكی زۆر جوان و خۆش بووە، بە تێپەڕبوونی كاتیش خزمەت كراوە و تازە كراوەتەوە بۆ ئەوەی خزمەتی ئایینپەروەران و میوانەكان بكرێت، تا دواجار بەشێوەیەكی مۆدێرن بنیات نراوە و ئێستا چەند بەشێكی جیاواز لەخۆ دەگرێت و جیاكراونەتەوە و شوار و دیوار بۆ سەرجەم بەشەكانی مەرقەد و شوێنەوارەكە كراوە.
مەرقەدی شێخ عیسا و شێخ موسا لە سەردەمی زەعیم سدیقدا
كاتی خۆی زەعیم سدیق هاتووەتە بەرزنجە و فەرمانی كردبوو كە لولەی تۆپ و چەكەكان بكەنە بەرزنجە و ئەو دێیانەی سنورەكە هیچی نەهێڵن و هەمووی وێران بكەن، بەڵام هەرچەندە خەریك دەبن چەكەكان ناتەقن و لەكار دەكەون، زەعیم سدیقیش كابرایەكی تووڕە و سەركێش بووە و دەڵێت ئێوە درۆ دەكەن و باوەڕیان پێناكات كە دەڵێن چەكەكان ناتەقن، بەو هۆیەوە لە ئەفسەرەكە دەدات و پێی دەڵێت تۆ خائینیت، زەعیم سدیق خۆی دەیەوێت تۆپەكان بتەقێنێت كە دەیەوێت گوللـەكە بخاتە ناو تۆپهاوێژەكەوە گوللـەكە شەق دەبات، ئەویش لەو تووڕەیی و بێزارییەدا دەچێت پشوو بدات و خەوی لێدەكەوێت، خەو دەبینێت لە خەودا پێیدەڵێن كە لە بەرزنجە نەمێنێتەوە ئەگەر بمێنێتەوە خراپی بەسەر دەهێنرێت، ئەویش یەكسەر فەرمان بە سوپاكەی دەكات و دەڵێت بەپێ هەمومان دەچین بۆ بەرزنجە و زیارەت دەكەین و دەگەڕێینەوە، كاتێك هێزەكە دەچنە بەرزنجە، مامۆستا شێخ تۆفیق خەڵك ئاگادار دەكات و لە ترسا بەرەو پیری زەعیم سدیق دەچن، خەڵكەكە لەوە بێ ئاگان كە زەعیم سدیق هاتووە بۆ زیارەت، كە خەڵكەكە دەگەنە زەعیم سدیق ئەویش پێیان دەڵێت ئێمە بۆ زیارەتی ئەم مەرقەدە هاتووین و دەگەڕێینەوە.
هێرشكردنە سەر بەرزنجە لە سەردەمی سەدامدا
دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، بەعسییەكان هەواڵیان بۆ چووبوو كە لە ناوچەكانی حاجی مامەند و سنوری بەرزنجە پێشمەرگەی لێیە، راستەوخۆ هێز لە كەركوك و دەربەندیخان و لە هەڵەبجە و لە هەموو لایەكەوە رەوانەی سنورەكە دەكرێت، كە هێزەكە گەیشتبوونە حاجی مامەند و دواتر بۆ بەرزنجە، بەنیازبوون خەڵكەی سنوورەكە ئازار بدەن و ناوچەكە بسوتێنن، بەڵام لەو كاتەدا بەفر و بارانێكی زۆر دەبارێت و سەرمایەكی وا پەیدا دەبێت كە 98 كەسیان لە سەرمادا رەقبوونەتەوە، دواتر خەڵكی بەرزنجە ئەوانەی كە مابوونەوە لە سوپاكە گەرماوێكی لێبوو هەموویان بردوونەتە ئەو گەرماوە و دواتریش كە سەدام حسێن بەو بارودۆخەی زانیوە فەرمانی كردووە كە پاشەكشە بكەن و ئەوەشی وتبوو كە ئەگەر هەموو ناو بەرزنجە پێشمەرگە بێت نابێت كەس پەیوەندیی پێوەی هەبێت، پارەی بۆ مزگەوتەكەش و خانووی میواندارییەكە و مەرقەدەكەش تەرخان كرد.
نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی مەرقەدەكە
دوای راپەڕین مەرقەدەكە شوێنێك بووە بۆ سەردانیكاران، بۆیە لە سەرەتای ساڵەكانی 2000 لە بەر بچوكیی مەرقەدەكە و نەبوونی سیاجێكی باش، لەسەر حسابی تایبەتی بەڕێز (مام جەلال) مەرقەدەكە چاك كراوەتەوە نۆژەن كراوەتەوە و فراوان كراوە، خەڵكیش هاوكار بوون بۆ ئەو هەنگاوە و ئێستا مەرقەدەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن بنیاتنراوەتەوە و شواری بۆ كراوە، هەروەها بینایەكی تێدایە بۆ خوێندنی وانەی ئایینی و كارئاسانیی تەواو كراوە بۆ زیارەتكاران و ئەو كەسانەی دەیانەوێت سەردانی مەرقەدەكە بكەن.
كێن ئەوانەی سەردانی مەرقەدەكە دەكەن؟
پێشتر شێخ محەمەد و منداڵەكانی سەرپەرشتیی مەرقەدەكەیان دەكرد و دوای كۆچی دوایی شێخ محەمەد سیان لە منداڵەكانی خزمەتی مەرقەدەكە دەكەن، سەردانیكەرانی مەرقەد زۆرن، جگە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە وڵاتانی دیكەشەوە لە ئێران و توركیا و وڵاتانی ناوچەكەوە دێن بۆ زیارەت و سەردانی مەرقەدی شێخ عیسا و موسا دەكەن، بەشێكی زۆری زیارەتكاران لە شارەكانی كەربەلا و هەولێر و زاخۆ و دهۆك و شارەكانی دیكەی عێراق و كەلار و كفرییەوە سەردان دەكەن.
رووبەری مەرقەدەكە
رووبەری مەرقەدەكە نزیكەی 2 دۆنم دەبێت و مزگەوتەكەش 700 بۆ 800 مەتر چوارگۆشە دەبێت، لە ئێستادا فێركردن و خولی زانستی تێدا نییە، بەڵام پێشتر خوێندكاری هەبووە و تێیدا فێری قورئان خوێندن دەكران، بۆ لە مەودواش بە نیازن دەست پێبكەنەوە، پەیوەندیی و هەماهەنگیی سەیدەكانی بەرزنجە باشە و ساڵانە لە ڕۆژانی عاشورادا لە زۆربەی شوێنەكانیشەوە سەردانی مەرقەدی شێخ عیسا و موسا دەكرێت و لەسەر ئاستی باڵاش بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادە دەبن.
ئامادهكردنی: ساڵح رهحمان، رهنجدهر بههادین
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe