پارێزگاری سلێمانی پەیامێک دەربارەی ئەم دۆخەی ئێستا بڵاو دەکاتەوە

پارێزگای سلێمانی

، ئێمەی کورد ، مێژوو و ئەزموونمان پڕە لە قوربانی و شەهید 
گیان لەدەست دان و شەهیدبوونی گەنجی ئەم وڵاتە ئازاری گەورەترین ئێشە، کە بە ویژدانی نەتەوەیی و سیاسی و مێژوویمان دەگات
 .بەداخەوە لێکەوتەکانی پشدەر جارێکی تر خەمبار و دڵشکاوی کردینەوە
هەر دوێنێ لەو شارەدا هاوکات بە شەهیدبوونی هاوڵاتیان ، پێشمەرگەیەکی دەڤەری پشدەر لە سەنگەری جەنگی دژ بەداعش و تیرۆردا شەهیدبوو .. هەر هەمان ڕۆژ تەرمی گەنجێکی  تری شەهیدی پشدەری ، لە ڕێگای کۆچی هات و نەهاتەوە گەیشتەوە قەڵادزێ
چەند شەهیدێک لە سێ حاڵەتی جیادا ، لە نێو شار و لە سەنگەری بەرگری ولە سنوورەکانی نێوان تورکیا و بەلقاندا لە یەک کاتدا ، ئەوەمان پێدەڵێت : ئێمە دەبێت لەم ساتەدا ( زەبتی  نەفسی ) خۆمان بکەین ، هەرچیمان کردبێت حیکمەتی عەقڵ و مەنتیق لەدەست نەدەین . دەنا توانای چارەسەری کێشەکانمان دوورتر دەبێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت 
لەگەڵ ئەوەدا کە خۆپیشاندان وەک دەربڕینی بیروڕا , مافی ڕەوای هەموو کەسێکە ، بەڵام بێ مەرجیەکانی مانای ئەوە نیە شێوازی ئەو دەربڕینە خوێن ڕژان و ماڵ وێرانی لێبکەوێتەوە
خوێنی هەر گەنجێکی ئەم نیشتمانە ، ژیانی هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە و بەهای هەر ئینسانێک ، مەزنتر و لەپێشترە لە هەر بیروڕا و بۆچوونێکی ئەم دنیایە 
تکایە با توڕەیی زاڵ نەبێت بەسەر بیروڕا و ماف و شێوازی داواکاریەکانماندا .. گەڕانەوەمان بۆ دیاردەی بارەگا سوتاندن و هەڵکوتانە سەر بارەگا ، دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمەی لە ڕابردووماندا جێمان هێشتووە ، نە ئەوکاتە و نە ئێستاش چارەسەری قەیرانەکانمان ناکات
تکایە بە توڕەیی زاڵ نەبێت بەسەرماندا ، چونکە شکاندنی هەر گڵۆپێک ، تێکدان هەر جادەیەک ، هەڵکەندنی هەر درەختێک , شکاندن و تێکدان و هەڵکەنەندنە لەماڵ و حاڵی خۆماندا
لەگەڵ ئەوەدا کە پێویستمان بە چاککاری و پێداچوونەوەی خێرا و بنەڕەتی هەیە بۆ سیاسەتی ئابووری و ئیداری هەرێمەکەمان ، هاوکات پێویستمان بە بەشداری هێمنانەی فرەڕا و فرەلایەنەیە 
بڕیاری زاڵ و هێزی زاڵ و بیروڕای زاڵ ، چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ناکات 
بۆیە لەم کاتە قورس و سەختەدا لەهەموو شتێک زیاتر پێویستمان بە کۆتایی هێنانی عەقڵیەتی زاڵ و خۆسەپاندنی خۆمان هەیە .. گەڕانەوەمان بۆ حیکمەتی عەقڵ و مەنتیق و قبوڵکردنی بیروڕای یەکتر باشترین ڕێگای چارەسەری کێشە و قەیرانەکانمانە ..
د. ئاسۆ فەرەیدوون 
پارێزگاری سلێمانی