پەیامێك لە پارێزگاری سلێمانییەوە

پارێزگای سلێمانی

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات و جەخت دەكاتەوە لەوەی، هەڵبژاردن پرۆسەیەكی گرنگە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان بەشدارییەكی كارایان هەبێت لەو پرۆسەیەدا.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی پارێزگاری سلێمانییە:
 
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
هاووڵاتیانی شكۆمەندو سەربەرزی كوردستان و پارێزگای سلێمانی..
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەكەم؛ ڕۆژێكی گرنگ و چارەنوسسازە، ئامادەیی و بەشداریكردنی تۆی بەڕێز بەهاو ماناو گەوهەری دیموكراسیی و خەباتی و كۆمەڵگای مەدەنیی و مافی هاووڵاتیبوونت و سەروەریی یاسا و گۆڕین و ڕیفۆرمی ڕیشەیی سروشتیی دور لە توندوتیژیی و یەكترسڕینەوەو شەڕو براكوژیی و خۆكوژیی و كودەتاو ڕێگریی و ساختەكاریی؛ دەچەسپێنێت.
بێ دوودڵیی و نیگەرانیی؛ بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا‌ بكەو ئەركی هاووڵاتیانەی خۆت و مافی خۆت لە دیاریكردنی ئایندەی نزیكیی وڵاتەكەدا دیاریبكە.
هیچ هۆكارێكی ڕابردوو نابێت ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم نیازو ئیرادەو هەنگاوەكانی تۆدا، دەنگت سەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەرپرسیارانەی تۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خواست و خەون و ویست و داواكاریی و خزمەتگوزاریی و مافانەی كە دڵخوازی تۆن‌.
ڕۆژی تەتەڵەكردنی ویست و جیاوازییەكانە لە ڕێی داوەریكردنی سندوقەكانی دەنگدانەوە، پێویستە هەموو ناكۆكیی و جیاوازیی و شكستێكی ڕابردوو تێبەپەڕێنین و هەڵبژاردن بكەینە وێستگەی ڕاستەقینەی چارەسەركردن و یەكلایكردنەوەیان.
هێزەكانی پاراستنی ئارامیی و ئاسایشی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای سلێمانیدا؛ بێلایەنانەو خۆنەیستانەو یاساییانە و مەدەنیانە؛ ئەركەكانی خۆیان جێبەجێدەكەن و زەمینەو دەرفەتی هاوبەش و پارێزراو بۆ هەموو دەنگدەران زامندەكەن، بەهیچ جۆرێك لەو ئەركانە لانادەن كە بۆیان دیاریكراوەو بەشێك نابن لە فشارو ئاراستەكردنی دەنگدەران و پارێزەری پرۆسەكەو یاساو ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی دەبن.
داوا لە هەموولایەك دەكەین هاوكارو پشتیوانی كۆمسیۆن بن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەو ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروستنەكەن.
داوا لە هەموو كاندید و لایەن و قەوارەیەك دەكەین بە گیانێكی نیشتمانیانەی بەرپرسیارانەوە پرۆسەكە سەربخەن.
لێرەوە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێزو قەوارە و لایەنە سیاسییەكان ئاگاداردەكەینەوە، كە خۆیان لە هەر تەقەكردنێكی خۆشیی و هەوڵی یەكتر بزواندن و گوزارشتكردنێكی نامەدەنیانە بپارێزن.
لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتوندیی ڕووبەڕووی هەر سەرپێچیی و لادان و تەقەكردن و تێكدانێكی ئارامیی و ئاسایش دەبنەوە.
ئومێددەكەم بەشداریكردنتان ببێتە مایەی سەرخستنی پرۆسەكەو ئیلهامی سەركەوتنێكی وامان پێببەخشێت كە لە ئێستاوە پیرۆزبایی لە هەمووتان بكەین وبیكەینە‌ دەرفەتی پتەوكردنی ئیرادەو وتارو ئامانجی نیشتمانیمان و كۆتایی بە بارودۆخە نالەبارەكانی ڕابردوو بهێنین.
شادو سەركەوتووبن..

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe