سلێمانی بەرزترین ئاستی تەمەن لە عێراقدا تۆمار دەكات

پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی لە ڕووی تەندروستی و گەشتیاریی تەندروستییەوە هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە ‌و لەسەر نەخشەی شارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دیاریی كردووە، بەهۆی بەرەوپێشچوونە تەندروستییەكانیش سلێمانی بەرزترین ئاستی تەمەنی لە عێراقدا تێدا تۆمار كراوە كە 72 ساڵە.
ئەو ژمارانەی خوارەوە ئاماری بەڕێوەبەرێتیی ئاماری سلێمانین، كە بە هەماهەنگیی چەندین دەزگای حكومیی ‌و نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2021 بڵاویكردوونەتەوە.
سەرباری ئاستی بەرزی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە گشتییەكان و ئاستی بەرزی متمانەی دانیشتوان بە دامەزراوە تەندروستییە حكومییەكان، سلێمانی شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی شارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی كردووە لە بواری گەشتیاریی نوژداریی/ پزیشكییدا.
نەخۆشخانە تایبەتەكانی (شاری پزیشكیی فاروق و ئەنوەر شێخە و هیوا و سمارت و ڕۆیاڵ و چەندینی تر) نەشتەرگەریی و چارەسەری چاندنی مۆخ و گورچیلە و شێرپەنجە و چەندین چالاكیی پزیشكی ناوازەی تریان تێدا ئەنجام دەدرێت و چەندین سەنتەری تایبەت بە باری تەندروستیی تایبەت كراونەتەوە، وەك: سەنتەری ئۆتیزم و زەهایمەر و ڕەبوە و حەساسیەت و...تاد.
لە ڕووی دۆخی تەندروستیی دانیشتوانەوە، پێشبینی ساڵانی ژیان (٧٢) ساڵە، كە بەرزترینە لەسەر ئاستی عێراق، ڕێژەی دانیشتوان بۆ بنكەی تەندروستی (٣٨٤٨) هاووڵاتی و ڕێژەی پزیشك بۆ (١٠) هەزار كەس (١١) پزیشك و ڕێژەی پەرستار بۆ (١٠) هەزار كەس (١٩) پەرستارە.
مردنی دایك لەكاتی لەدایكبووندا بۆ هەر (١٠٠) هەزار دایكێك (٢٣) دایكە، كە نزمترینە لەسەر ئاستی عێراق، ژمارەی مردنی منداڵی شیرەخۆر بۆ (١٠٠٠) منداڵ لە ساڵێكدا (١٧) منداڵە و مردنی منداڵی خوار تەمەن (٥) ساڵ بۆ (١٠٠٠) منداڵ لە ساڵێكدا (١٥) منداڵە.
ڕێژەی تەنها پشتبەستن بە شیردانی سروشتی بۆ منداڵ بۆ (٦) مانگی یەكەمی تەمەنیان بریتیە لە (34.9%)، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی كە ساڵانە سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانیان كردووە بریتییە لە (2.725.219) نەخۆش، وە ژمارەی نەخۆشی داخڵبوو بۆ نەخۆشخانەكان (291.533) نەخۆش و ژمارەی چارەسەرە نەشتەرگەرییەكانیش پێكهاتووە لە (62.346)، ڕێژەی نەخۆشیی درێژخایەنیش لە (3.7%)ی دانیشتوانە.
لەدایكبوونی ساڵانە بریتییە لە (48.431) منداڵ و مردنی ساڵانەش (4.950) هاووڵاتییە.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe