سلێمانی گرنگیی بە سامانی ئاو دەدات

پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی گرنگیی بە سامانی ئاو دەدات و ئێستا خاوەنی هەزار و سێسەد كیلۆمەتر تۆڕی ئاوی پاكە، حەوت بەنداوی گەورە و مامناوەند و بچووك تەواو كراون ‌و چەندین بەنداوی دیكەش لە ژێر كاركردندان، كە بەپێی دوایین راپۆرتی بەڕێوەبەرێتیی ئاماری سلێمانی، پارێزگاكە هەنگاوی گەورەی لە بواری پاراستنی سامانی ئاودا ناوە.
داتاكانی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢١دا بەم جۆرەیە:
-  هەبوونی سەرچاوەی تۆڕی ئاوی حكومیی (88.6%).
-  بەستنی ئاوەڕۆ بە تۆڕی گشتییەوە (83.5%).
-  بەنداوی تەواوكراو (٧) بەنداو.
-  بەنداوی تەواونەكراو كە لەژێر كاردان (٨) بەنداو.
-  تۆڕی ئاوی پاك (١٣٠٠ كیلۆمەتر).
-  تۆڕی ئاوەڕۆ (١٤٠٠ كیلۆمەتر).
-  بەنداوی دوكان كە لە ساڵی ١٩٩١ دا وەستابوو، ئێستا لەكاردایە، ڕووبەری حەوزی ئاوتێزانی (11.690) كیلۆمەتر دووجایە، بەنداوێكی كۆنكرێتیی چەماوەیە، ڕووبەری سەرەوەی دەریاچەكە لە بەرزیی (٥١١) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە (٢٧٠) كیلۆمەتر دووجا، سوودمەندانی ئاوی بەنداوەكە (1.5) ملیۆن دۆنمە لە ناوچەكانی خوارووی بەنداوەكەوە، كە بەكاردێت بۆ ئاودێریی و خواردنەوە و گەشتوگوزار و ناوچەكانی خوارووی عێراقیش لە لافاو دەپارێزێت، وەك شارەكانی كەركوك و ناوەڕاستی عێراق. وزەی كارەبا بە بڕی (٤٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت. دەریاچەی گەشتوگوزار و شارۆچكەی هاوینەهەوارە. بۆ سامانی ماسیی سوودی لێ وەردەگیرێت. لە دوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە تەكنیكی نوێ و ئامێری دیجیتاڵیی بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریی و تۆماركردنی داتا و پێوانە و چاودێریی كەشوهەوای بەنداوەكە بەكاردێت. توانای خەزنی بەنداوەكە (٧) ملیار مەتر سێجایە و داهاتی ساڵانەی لە نێوان (4.2 بۆ 5.6) ملیار مەتر سێجادایە.
- بەنداوی دەربەندیخان كە لە ساڵی ١٩٩١ دا وەستابوو، ئێستا لەكاردایە، ڕووبەری حەوزی ئاوتێزانی (18.750) كیلۆمەتر دووجایە، نزیكەی (٢) ملیۆن كەس لە ئاوی بەنداوەكە سوودمەند دەبن، سەرباری پرۆژەی پیشەسازیی و ئاودێریی و باخ و بەراو لە هەڵەبجەوە تا دەربەندیخان و مەیدان و باوەنوور و كەلار و رزگاری و كوڵەجۆ و قۆرەتوو و قەرەتەپە و خانەقین و گوڵاڵە (جەلەولا) و سەعدییە و تەواوی شار و شارۆچكەكانی پارێزگای دیالە. توانای خەزنی بەنداوەكە (2.6) ملیار مەتر سێجایە و كۆی ساڵانەی بەرهەمی ئاویش لە بەنداوەكەدا بریتییە لە (4.7) ملیار مەتر سێجا.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe