ئەگەر لە مێژووی هەر گەلیك بكۆڵینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە خاوەنی شارستانییەتی خۆیانن و لە ڕووی كەلتورەوە دەوڵەمەندن، كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی جیهان و لەسەر خاكی كوردستان لە ڕووی كەلتورییەوە زۆر دەوڵەمەندترە و خاوەنی شارستانییەت و پیشەسازیی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵگەش بۆ ئەوە لە ئەشكەوتەكانی هەزارمێرد و بەردە بلك و چەرموو لە ساڵانی (3000 بۆ 2500) پێش زانییندا، مرۆڤ ژیاوە و كەلوپەلی لە بەرد دروستكردووە و دواتریش لە ماددە كانزاییەكانی وەك مس و ئاسن چەندین كەرەستەی جۆراوجۆری دروستكردووە، كە ئەوانە بە سەرەتای دەستپێكی پیشەسازی دادەنرێت لە كوردستاندا بە تایبەت لە سنوری سلێمانی.
دوای دروستبوونی سلێمانی لە ساڵانی 1784 و سەردەمی بابانییەكاندا، بە تایبەت ئیبراهیم پاشای بابان كە دامەزرێنەری شاری سلێمانییە، بۆ بنیاتنان و دروستكردنی خانوو و بازاڕ و مزگەوت پێویستیان بە كۆمەڵێك كەلوپەل هەبووە و هەر زوو لە رووی پیشەسازیی دەستكردەوە هەوڵیان داوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، لەو ڕووەوە پشتیان بە كۆمەڵێك كەلوپەل و ئامڕاز بەستووە بۆ بەرزكردنەوەی بەردە گەورەكان لە كاتی دروستكردنی خانوو و مزگەوتەكاندا، خلۆكە یاخوج چەرخیان بۆ ڕاكێشانی ئاژەڵ بەكارهێناوە، لە هەمان كاتدا بۆ لێدان و دروستكردنی كانی و كارێز هەندێك پاچ و بێڵ و پواز و چەكوشیان دروستكردووە و بەكاریان هێناون، بۆ هەڵگرتنی ئاو و خواردەمەنی و دانەوێڵەش ئەمانەیان بەكارهێناوە: چاڵ بۆ دانەوێڵە و گۆزە بۆ هەڵگرتنی شلەمەنی هەروەها بۆ هەڵگرتنی ئاو جەڕڕِە و كوندەی لە پێستە دروستكراو بەكارهاتووە و مەشكەش بۆ دۆ و رۆنەكەرە بەكارهاتووە، هەر لە سەردەمی بابانییەكاندا وەستای چاك هەبوون بۆ دروستكردنی تیـرو كەوان و قەڵغان و شمشێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و خۆپاراستنیان لە ئاژەڵە دڕندەكان.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە لە كوێوە ئەم مادە خاوانەیان بەدەست گەیشتووە، ئایا لە وڵاتانی دەرەوە بۆیان هاتووە؟ یاخود خۆیان بەدوایدا گەڕاون و دەستیان كەوتوون؟ وەستاكانی كورد هەر لە سەرەتاوە لەو مادە خاوانەی دەستیان كەوتوون كەلوپەلیان دروست كردووە، بۆ نمونە لە ساڵەكانی پێش زایین، چەقۆیان لە بەرد دروستكردووە بۆ بڕینی گۆشتی ئاژەڵ و هەندێك كاری تری خۆیان.
دوای شۆڕشی پیشەسازی، هەمان چەقۆ و كەلوپەلەكانی تر بوون بە مس و ئاسن و كەمێك گۆڕانكارییان تێدا كراوە، هەروەها گاسن بۆ كێڵانی زەوی و چەكوش و كۆمەڵێك كەلوپەلی تریان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەیان دروستكردووە، بۆیە بۆمان دەردەكەوێت كە شارەزایانی ئەم بوارە گەڕاون بەدوای زانیاریی زیاتر بۆ زیادكرنی پێداویستییەكانی مرۆڤ و دانیشتوانی ئەو كاتی كوردستان، بە تایبەت لە سنوری سلێمانیدا.
لەم لێكۆڵینەوەیەوە بۆمان دەردەكەوێ كە لە سەردەمی بابانییەكاندا و دوای ئەوانیش ئەم پیشانە لە سنوری سلێمانیدا سازكراون:
یەكەم: دارتاشیی
مێژووی دارتاشی لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروسبوونی شاری سلێمانی، بە هۆی پێویستیی ئەو كات بە گالیسكە و قاپ و قاچاخ و بەرزكەرەوەكان بۆ كاری دروستكردنی خانوو و مزگەوت و حەمام بۆ سەرگرتنیان و دەرگا و پەنجەرەكان بەكارهاتووە، لە هەمان كاتدا بۆ زەوی كێڵان و پرد و لە بوارەكانی جوانكاریدا بەكارهاتوون، بۆیە دارتاشەكان ئەمانە و چەندین كاری تریان كردووە، وەك دروستكردنی كانتۆر و جامخانە و ئاوێنە و تەشی و تەبەقی شەكرشكاندن و كورسی و مێز و چوارچێوە بۆ وێنەكانی دیوار، هەروەها سندوق بۆ هەڵگرتنی جلوبەرگ و هەڵگرتنی میوەكان و كۆمەڵێك كەلوپەلی تری ناوماڵ، بۆیە كاری دارتاشی و دەستڕەنگینیی لە وەستاكانی ئەو كاتەوە گواستراوەتەوە بۆ ئێستا و بە شێوازی جیاجیا و گۆڕانكاریی سەردەمیانە بەردەوامیی هەیە، چونكە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە، گۆڕانكارییش لە سەرجەم بوارەكانی كارە دەستییەكان و كارگەكاندا كراوە، ئەویش بە هۆی هێنانی هەندێك ئامێری تەكنیكی بۆ كارگەكان، بەوەش شێوازی دروستكرن گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و بەرهەمی لە دار داتاشراوی جوانتر و زیاتر خراوەتە بازاڕەوە.
دووەم: ئاسنگەریی
ئەم پیشە و پیشەسازییە یەكێكی ترە لە پیشە زۆر باوەكانی سەردەمی بابانییەكان لە سلێمانی، بگرە تا ئێستاش گرنگیی خۆی لە دەست نەداوە، پیشەوەرانی ئەم پیشەیە خۆیان لەناو خاكدا وردەی ئاسنیان دۆزیوەتەوە و لەو ناوچانەی كە مادەی ئەستەلەكتایت و ئەستەلەكمایتیان زۆر بووە، بەتایبەت دەوروبەری ئەشكەوت و ناوئەشكەوتەكان یان لە ناوچە زوورگەكان و هەندێك كەنار ڕووبارەكان، ئەو مادانەیان كۆدەكردۆتەوە و دواتر جیایان كردوونەتەوە لە گڵ و پوش و گژوگیا، دواتر لە ناو بەردێكی هەڵكۆڵدراو زۆر گەرمیان كردووە، دواتر مادە شلەكەیان لە قاڵبی لە بەرد دروستكراو یان لە كانزا نەخشێندراو، دواتر هەندێ كوتاویانەتەوە و ئەم كەلوپەلانەیان لێ دروستكردوون، كە پێداویستیی سنورەكەیان پڕكردۆتەوە.
پیشەوەرانی ئاسن زیاتر كەلوپەلەكانیان لەو مادە تواوانە دروست كردوون: تیروكەوان، قەڵغان، ناڵ و زین بۆ ئاژەڵەكان و دەفر و پاچ و بێڵ و چەكوش و هەندێك ئامێری تری لە ئاسن دروستكراو، بۆ كارئاسانیی و پڕكردنەوەی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی سلێمانی و دەوروبەری.
سێهەم: سابونچێتی
ئەم پیشەسازییە زۆر كۆنە و لە دوای دروستبوونی گەڕەكی مەڵكەندی، دووەم گەڕەك كە لە شاری سلێمانی دروست بوو، گەڕەكی سابونكەران بوو، بۆیەش ئەو ناوەی لێنراوە، چونكە پیشەوەرانی سابون لەو گەڕەكەدا كۆببونەوە و هەر لەوێش ئیشی دروستكردنی سابونیان كردووە، بۆیە گەڕەكەكە بەناوی پیشەوەرانیەوە ناونراوە و تا ئێستا بە گەڕەكی سابونكەران ناسراوە، ئەوان سابونیان دروستكردووە بەمەبەستی خۆشۆردن و پاككردنەوە، هەندێك جاریش بۆ قڕكردنی مێرووی زیانبەخش بەكارهاتووە، مادەی خاوی سابونیش لە دارو درەخت و گژوگیا، دوای كۆكردنەوە و توانەوە و ئامادەكرنی، سابونی زۆریان لێ بەرهەمهێناوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو پیشەسازییە لە شاری سلێمانیدا نەماوە و هیچ كارگەیەكی ئەوتۆ نییە كە سابونی خۆماڵی بەرهەم بهێنێت.
چوارەم: مسگەریی
ئادەمیزاد لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە مادە كانزاییەكانی ناسیوە، مس یەكێكە لەو مادە كانزاییانەی كە خاوەكەی لە جۆرێك بەرد بەناوی بەردی نایس یان بەردی جیڕی دەردەهێنرێت، زیاتر لەو ناوچانەش دەست دەكەوێت كە بەردی ئاگرینی زۆربێ، چونكە دواتر ئەو بەردانە دەگۆڕدرێن و مادەكانی مس و ئاسن و ئەلەمنیۆمیان لێدەردەهێنرێت، دوای كۆكردنەوە و توانەوەی بەئاگرێكی بەتین، پێداویستییەكانی وەك بازاڕ و ناوماڵیان لێدروست دەكرێت، وەك مەنجەڵ و قاپ و كەوچك و دەفری گەورە و بچوك، لە بواری سەربازییشدا بەكاریان هێناوە، پیشەوەرانی ئەو پیشەسازییە لە سلێمانی گرنگیی زۆریان پێداوە و بازاڕێك تایبەت كراوە بە مسگەرەكان لە سلێمانی، بەو كارەشیان كۆمەڵێك وەستا و خەڵكی تر هەلی كاریان دەست كەوتووە بۆ بژێویی ژیانیان، هەتا ئێستاش پیشەسازیی مسگەریی لە سلێمانیدا بەردەوامیی هەیە و بە هۆی پێشكەوتنی زانست و بەرهەمهێنانی ئامێری تەكنۆلۆژی، وردە وردە خەریكە پیشەسازیی مس بەرەو بوژانەوە دەچێت، بێجگە لەوەش بە هۆی ئەوەی خەڵكانێكی زۆر گرنگیی بەو كەرەستانە دەدەن كە لە مس دروست كراون و خولیای پاراستنیانە، ئەو ئامێر و كەرەستانەی لە پێشتر و ئێستادا لە مس دروست دەكرێن، وەكو بوارێكی ئاسەوار و شتی دێرین دەپارێزرێن.
پێنجەم: ناڵبەندیی
پیشەی ناڵبەندیی ساڵی 1847 لە ئەڵمانیا سەری هەڵداوە بۆ یارمەتیدانی ئاژەڵەكانی وەك ئەسپ و وڵاغەبەرزە بۆ ئەوەی ژێر پێیەكانیان (سمەكانیان) پارێزراوبن و تووشی ڕووشان و پێكان و برین نەبن، دواتر پیشەكە وڵات بە وڵات رۆیشتووە هەتا گەیشتۆتە كوردستان و ناوچەی سلێمانی، ناڵبەندەكانی سەردەمی بابانییەكان ناڵی وڵاخەكانیان لە ئاسن دروستكردووە و جێگای چوار هەتا شەش بزماریان بۆ داناوە، تا لە ژێرپێی ئەسپەكانی بدەن و یارمەتی دەربێ بۆ ڕۆشتن و كاتی شەڕكردن، بەو كارەشیان ئەو ئاژەڵانەی بۆ جەنگ بەكاردەهێنران زیاتر چالاك دەبوون، لە هەمان كاتدا بۆ ژێرپێی گوێدرێژەكانیش ناڵ بەكاردەهات بۆ كاری لادێكان و كشتوكاڵكردن، هەر كاتێكیش ناڵەكان خراپ ببونایە یاخود ون ببونایە ئەوا ناڵیكی تریان دروست دەكردو و بەكاریان دەهێنا بۆ وڵاغەكان، پیشەی ناڵبەندی هەتا ئێستاش لە سلێمانی و كوردستان بەردەوامیی هەیە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و گوند و ناوچە سنورییەكان، بەڵام بە هۆی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و پەیدابوونی چەندین جۆر ئامێری تەكنۆلۆژی، پیشەی ناڵبەندی كز بووە.
شەشەم: چنین و جۆڵایی
ئەو دوو پیشەیە پەیوەندیی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، بەهۆی ئەوەی مادە خاوەكانیان هەمان سەرچاوەن، هەر لە كۆنەوە گرنگی زۆر بەو دوو پیشەیە دراوە، لە هەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ چالاككردنی سەرجەم بوارەكانی
دروستكردنی پۆشاك لە سلێمانیدا، ئەوەش لە ڕێگەی كارە ناوازەكانی شیكەرەوەكان (هەلاج)، خوری مەڕ و مووی بزن و لۆكەیان بەرهەم هێناوە و كاتێك موو و خورییەكانیان ئامادە دەكرد، دواتر دەیانشۆرییەوە و بەئامێری شیكەرەوە شییان دەكردەوە، یاخود پەموویان شی دەكردەوە و لۆكەیان لێ بەرهەم دەهێنا.
هەرچی خاشاك و پیسی ناو خوری و مووەكان هەبوو پاكیان ئەكردەوە، بەشێوەیەكی پاك و نەرم نێردراوە بۆ چنین و جۆڵایی، دەستڕەنگینەكانی چنین و جۆڵایی ئەو خوری و مووە ئامادەكراوانەی كە دەگەیەنرانە دەستیان، جلوبەرگی وەكو شاڵ و ڕایەخ و هەندێك پێداویستیی تریان لێدروست دەكرد.
شارەزایانی چنین لە سەرەتادا، بەچنینی دەستیی، جلوبەرگ و پۆشاكەكانی تریان دروستكردوون، بەڵام دواتر ڕستن و چنین بەیەكەوە خراونەتەوە كار و پۆشاكی زیاتریان دروستكردووە، بەو كارەش نرخی جلوبەرگ هەرزانتر بووە،
كاری جۆڵاییش هەر لە خوری و مووی ئامادەكراو كە هەلاجەكان ئامادەیان كردوون، شارەزایانی جۆڵایی بەرماڵ و بەڕڕە و جاجم و گوریس و خەراریان دروست كردووە، ئەو پیشەیەش وای كردووە كەمێك لە پێداویستیی ئەو كاتی كشتوكاڵی و ناوماڵی هاووڵاتیان پڕبكرێنەوە، بێجگە لەوەش رستن و چنین پەرەی زیاتری پێدراوە و چەندین جۆر فەرش و قاڵی و لێفە و شتی تر بەرهەمهێنراون.
بەشێكی زۆر لەو شتانەی پێشتر لەلایەن جۆڵاكانی سلێمانی و ئەوانەی كاری رستن و چنینیان كردووە بەرهەمهێنراون، هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، بۆیە بەهۆی پەرەدان بە پیشەكە، لە سەردەمی دەوڵەتی عێراقدا، كارگەی تایبەت بە رستن و چنین لە سلێمانیدا دامەزرا، كە بە ئەلبیسەكە ناسرابوو.
حەوتەم: خومچێتیی
پیشەی خومچێتیی پیشەیەكی كۆنی ئاساییە و لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵداوە، سەرەتا لە ڕەنگی درختەكانەوە كاتێك گەڵا هەڵوەریوە، ڕزیوەكان ڕەنگاویان داوەتەوە و زەویی دەوروبەری خۆیانیان ڕەنگ كردووە، لەم كارەوە هەندێك لە زاناكان لێكۆڵینەوەیان كردووە و ئەو گەڵا و بەرهەمە كشتوكاڵیانەیان كۆكردۆتەوە و لەمەنجەڵێكی گەورەدا كوڵاندوویانە و ڕەنگیان دەست كەوتووە، دواتر شوێنە پیرۆز و خواوەندەكانی خۆیان پێ ڕەنگ كردووە، لە هەمان كاتدا زانای ئەڵمانی گۆتەنبەرگ لە ڕەنگاودانەوەی گەڵای درختەكانەوە نوسینی ڕەنگیی داهێناوە. ئەم داهێنانەی زاناكان پەرەی پێدرا و بۆ زۆر وڵات گواسترایەوە، عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەكێك بوون لەو وڵاتانەی كە گۆڕانكارییە دەرەكییەكان زوو كاریان تێدەكا بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، سنوری سلێمانی لە سەردەمی بابانییەكان و دواتریشدا ناوچەیەكی كارگێڕیی گرنگ بووە و پیشەی خومچێتی یان ڕەنگكردنی جلوبەرگ هەرزوو سەریهەڵداوە و بووە بەپیشەی زۆرێك لە ئارەزوومەندان و ئەو كەسانەی كە هەلیان بۆ ڕەخساوە و گرنگییان پێداوە.
شێوازی خومكردن: بۆ خومكردنی جلوبەرگ مەنجەڵێكی گەورە ڕەنگی تێكراوە لە شوێنێكدا كە پێیان وتوە خومخانە و جلوبەرگەكانیان لە ڕەنگە جۆربەجۆرەكان هەڵكێشاوە بۆ ئەوەی ئەو ڕەنگە بگرێ كە كەسەكان خۆیان ئەیانەوەێ، پیشەوەرەكان دوای ڕستن و چنینی ئەو جلوبەرگانەی كە دروست دەكران، ڕەنگیان دەكردن، شارەزایانی جۆڵاییش دوای ئەوەی بەرهەمەكانی وەك بەڕڕە و جاجم و بەرماڵ و هەندێك بابەتی ڕایەخیان دروست دەكرد، دەیان ناردن بۆ خومچییەكان و ڕەنگیان دەكردن، دوای وشكبوونەوەش دەیانفرۆشتن یاخود دەیاندانەوە بە خاوەنەكانیان.
كاری سەرەكیی خومچییەكان ڕەنگاو ڕەنگكردن و نەخش و وێنە دروستكرن بووە لەسەر ئەو كارە چندراوانەی كە لە چنین یاخود لەلای جۆڵاكان بەرهەم هاتوون، زۆرجاریش تەنها بۆ جوانكاریی ناوماڵ كاریان كردووە، هەرچەندە ئێستا كاری خومچێتیی وەكو پیشە لە سلێمانیدا كزبووە و رۆڵێكی ئەوتۆی نەماوە، بەڵام كەم تا زۆر بۆ هەندێك كاری تایبەت بەكاردەهێنرێت.
هەشتەم: حەڵواچێتیی
دروستكردنی خواردەمەنی و بەتایبەتیش شیرینەمەنی، وەستای تایبەتی خۆی دەوێ، ئەو پیشەیە هەموو كەسێك نایزانێ، بۆیە پێویستی بە لێهاتوویی و شارەزایی و كارامەیی هەیە بۆ ئەوەی بە چاكترین شێوە سەرجەم بابەتەكانی شیرینەمەنی دروست بكات، ئەمەش خۆی لە گۆڕانكارییەكانی شێوازی دروستكردنەكە ئەبینێتەوە، هەر لە كۆنەوە مرۆڤ خۆراكە شیرینەكانی بەرجەستەكردووە و زیاتریش لە بەری ڕووەكەكان سودیان وەرگرتووە.
بەشێوەیەكی گشتی لە كوردستان وەستای باشی دروستكردنی شیرینەمەنی هەڵكەوتوون، بەڵام لە شاری سلێمانی دروستكردنی شیرینی وەكو پیشەیەك سەریهەڵداوە و هەتا ئێستا بەردەوامیی هەیە و ساڵ لە دوای ساڵیش پەرەی زیاتری پێدەدرێت، هەندێكیش لەو وەستایانەی كاری دروستكردنی شیرینەمەنییان كردووە زۆر شارەزا و كارامە بوون، بۆیە ئەوەی سەردانی سلێمانی بكردایە حەزی كردووە هەندێك لە حەڵوا یاخود گەزۆ و باسوق و سجوقی شاری سلێمانی بكڕێ و بیكات بەدیاری بۆ كەسوكاری, یان بۆ هاوڕێ و دراوسێ و كەسە خۆشەویستەكانیان.
لە سەرەتادا بۆ دروستكردنی حەڵوا سودیان لە خورما بینیوە، چونكە شەكری سپی كەم و گران بووە، لەلایەكی ترەوە لەناو موسڵماناندا خواردنی خورما تەندروست و پیرۆزە و شەكری زیانبەخشی تێدا نییە، كاری شیرینەمەنی و حەڵواچێتیی بووە بە هۆی پەیداكردنی بژێویی بۆ زۆرێك لەو كەسانەی بەو كارەوە خەریكن، سەرەتا لە ناو گەڕەك و ماڵەكانی سلێمانیدا دروستكراوە و لەسەر تلیانەی لە دار دروستكراو و سینییە لە كانزا دروست كراوەكان وشك كراونەتەوە و ئامادە كراون بۆ خواردن و فرۆشتن.
فرۆشیارانی حەڵوا و شیرینەمەنییەكان بەگەڕەك و كۆڵانەكاندا گەڕاون و فرۆشتوویانن، ئەوەش نەوە دوای نەوە و قۆناغ بەقۆناغ هاتووە تا گەشتووە بەم قۆناغەی ئێستا، كە حەڵواچێتیی بەهای خۆی لە دەست نەداوە و بەجۆر و شێوازی جیا گۆڕانكاریی تێدا كراوە، لە هەمان كاتدا كڕیارانی حەڵوا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان بەتایبەت گەشتیاران كە سەردانی شاری سلێمانی دەكەن، لەگەڵ كڕینی كەلوپەلەكانی تر جۆرەكانی حەڵوا و شیرینی و لوقم و گەزۆ لەگەڵ خۆیان بەدیاری دەبەنەوە و حەڵوای سلێمانی ناوبانگێكی گەورەی لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دروست كردووە و خەریكە كار دەگاتە ئەوەی جۆرەكانی حەڵوا و شیرینییە سروشتییەكانی سلێمانی ببنە براندی جیهانی.
نۆهەم: چۆخماخچێتیی
ناوی چۆخماخچی ناوێكی توركییە و بەمانای پریشكی ئاگر دێ، ئەوە پیشەی ئەو كەسانە بووە كە لە سەردەمی بابانییەكان و دواتردا كاری چەكسازیی و كڕین و فرۆشتنی چەكیان كردووە یاخود چەكی لە كاركەوتوو خراپبوویان بۆ خەڵكانی تر چاككردووەتەوە، ئەو پیشەوەرانە لە مادە كانزاییەكانی وەك مس و ئاسن و قوڕقوشم چەك و پێداویستیی سەربازییان دروستكردووە، كە لە سەرەتادا پێكهاتبوون لە تیروكەوان و قەڵغان و كڵاو، دواتریش تفەنگ و بڕنۆ و هەندێك چەكی تر هاتنە ناو دروستكراوەكانیان، چۆخماخچییەكان كاری چاككردنەوەو شۆردنی چەكەكانیشیان دەكرد.
لە كاتی جەنگەكانی دژ بەگەلی كورد لە هەر سەردەمێك لە سەردەمەكاندا، چۆخماخچییەكان ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزە سەربازییەكانی كوردستان، بەتایبەت بابانییەكان و سەردەمی شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان، تا ئێستاش كاری چۆخماخچێتیی لە سلێمانیدا درێژەی هەیە و چەندین كەس ئەو كارە وەكو پیشەیەك دەكەن بۆ چاككردنەوەی جۆرە جیاجیاكانی چەك.
دەهەم: سەڕاجی
سەڕاجی یەكێك بووە لەو پیشانەی كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی سلێمانییەوە، لە شارەكەدا یەكێك بووە لە پیشە گرنگەكان، دروستكردنی فیشەكلەخ و تاقمی جەنگیی و بەرگی دەمانچە و چەكە جۆربەجۆرەكان و نیمتاق و زینی وڵاخ و جزدان و شتی جۆربەجۆری دیكە، ئەركی سەڕاجەكان بووە و ئەو جۆرە بەرهەمانەیان بەچەندین شێوازی جیاجیا رازاندووەتەوە، تەنانەت بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، لە سەردەمی بابانییەكاندا، بەشێك لەو كەلوپەلانەی سەڕاجەكانی سلێمانی دروستیان كردوون، رەوانەی وڵاتانی دەوروبەر و میرنشینەكانی دیكە كراون و فرۆشراون، بەو هۆیەشەوە داهاتێكی باش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.
زۆر جار سەڕاجەكان ئەركی دروستكردنی فیشەكلەخی سوپای بابانیان گرتوەتە ئەستۆ، بێجگە لەوەش پێڵاوی جۆراوجۆریان دروست كردووە و بەرهەمیان هێناوە، بە هۆی فراوانبوونی پیشەكەشەوە بازاڕێك لە شاری سلێمانی تایبەت كراوە بە پیشەی سەراجی، كە لە ئێستادا دەكەوێتە خوار حەوزە وشكەكە و هەتا ئێستاش بەشێك لە نەوەی سەڕاجەكان پیشەكەیان ماوە و بەردەوامن لە كارەكانیان، ئەو بازاڕەش هەتا ئێستا بە گوزەری سەڕاجەكان بەناوبانگە و چەندین كاری جوان و رەنگینی دەستی بەرهەمدەهێنن.
كۆكردنەوەو بەرهەمهێنان: بەشی راگەیاندن و هۆبەی وێبسایتی پارێزگای سلێمانی
ئامادەكردن: ئاراس خاكی
فۆتۆ: رەنجدەر بەهادین
سەرپەرشتیاری گشتیی: صالح رحمان