بە گوێرەی دوایین ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، لە سنوری پارێزگاكەدا زیاتر لە 160 پێگە و ناوەندی ئەدەبیی و هونەریی و شوێنەواریی و كولتووری هەن، هەروەها سلێمانی خاوەنی هەزار و 100 ناوچەی شوێنەوارییە، كە ئەمانە هەموویان پێكەوە پێگە و سیمایەكی بەهێزی ئەدەبیی و هونەریی و رۆشنبیرییان داوە بە سلێمانی.
شاری سلێمانی رۆژی (30/10/2019) لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆوە نازناوی شاری داهێنەری ئەدەبیی پێ بەخشراو بووە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەكانی یونسكۆ، كە لە (٢٤٦) شار پێكهاتووە و (٦) كۆمەڵە لەخۆ دەگرێت، لە كۆمەڵەی شارە ئەدەبییەكاندا سلێمانی یەكێكە لە (٣٩) شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسكۆ و بەشداریی بەرچاوی لە تۆڕەكەدا هەبووە.
ئۆفیسی ئەم نازناوە بە پشتیوانیی پارێزگاری سلێمانی و ناوەندی ئەدەبیی كەشكۆڵ لە زانكۆی ئەمریكیی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، چەندین چالاكیی ئەدەبیی شایستەی بۆ ناساندنی ئەدەبی كوردیی و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی سلێمانی بە تۆڕی شارە ئەدەبییەكانی یونسكۆ و ئاشناكردنیان بە دەرفەتەكانی بەشداریی ئەدەبیی نێودەوڵەتیی و وەرگێڕان و ئامادەكردنی دیوانی هاوبەشی كوردیی و زمانە زیندووەكانی دنیای ئەنجام داوە، وەك: دیوانی كۆڤید بە دەستپێشخەریی ئۆفیسی سلێمانی كە (٢٣) شاری تۆڕەكە تێیدا بەشدار بوون، دیوانی سلێمانی - مانچستەر، كە بەرهەمی (٣٠) نووسەری كورد و ئینگلیزە بە هەردوو زمانی كوردیی و ئینگلیزیی، هەڵبژاردەیەك لە شیعرە وەرگێڕدراوەكانی شاعیری گەورەی كورد (نالی) بە زمانی ئینگلیزیی، بڵاوكردووەتەوە.
لە ئێستادا سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریی هەرێم و شاری وەرگێڕانی هەرێم و لانكەی چەندین دەزگای كولتووریی و ئەدەبی و هونەریی سەربەخۆ و كارایە، وەك: بنكەی ژین، ئینستتیوتی كەلەپووری كوردیی، یەكێتی نووسەرانی كورد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، دەزگای جەمال عیرفان، ناوەندی ئەندێشە، ناوەندی غەزەلنووس، ناوەندی ڕەهەند، و...تاد.
سەرباری چەندین فیستیڤاڵی كولتووریی و هونەریی و ئەدەبیی و سینەمایی، ساڵانە كتێب و بەرهەمی نووسراوی خۆماڵیی و هاوردە لە پیشانگەكانی كتێبدا نمایش دەكرێن و ژمارەیەكی بەرچاو سەردانكەریان هەیە و بووژانەوە و چەندین هەلی كاری كولتووریی بە سلێمانی دەبەخشن.
داتا ڕۆشنبیریی و كولتووریی و شوێنەوارییەكانی شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢١ دا:
- ژمارەی هۆڵی شانۆ (28).
- گەلەری شێوەكاریی (26).
- ژمارەی هۆڵی سینەما (4).
- ژمارەی كۆمەڵە و ناوەند و بنكە و تیپ و سەنتەر و گرووپی هونەریی و كولتووریی (65).
- تیپی مۆسیقا و گۆرانی (29).
- پەیكەرسازیی (3).
- ستۆدیۆ (2).
- ڕێكخراوی خۆشنووسان (2).
- تیپی بالێ (1).
مۆزەخانەی سلێمانی لە ئێستادا دووهەم مۆزەخانەیە لەسەر ئاستی عێراق و لە ساڵی ٢٠١٢دا ڕاستەوخۆ لەلایەن یونسكۆوە سەرپەرشتیی نۆژەنكردنەوەی كراوە، هەروەها بە پاڵپشتیی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق گەورەترین گەلەری چاخی پێش مێژوو لە مۆزەخانەی سلێمانیدا دەكرێتەوە و بە پاڵپشتیی زانكۆی ساپیێنزای ئیتاڵییش نۆژەنكردنەوەی (٢) گەلەری نمایشكردنی بەردەكانی پاشایەكی ساسانی لە مۆزەخانەی سلێمانیدا ئەنجام دەدرێت، زانكۆی میترۆپۆلیتانی ئەمریكی لە نیویۆرك، كەتەلۆكی (٢٠) پارچەی ناوازەی مۆزەخانەی سلێمانیی ئامادە كرد و لە ئێستاشدا هەمان زانكۆ كار لەسەر ئامادەكردنی كەتەلۆكی (٢٠٠) پارچەی تری ناوازەی مۆزەخانەی سلێمانی دەكات
سەرباری پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی پارچەكانی مۆزەخانە، ساڵانە چەندین تیمی شارەزای شوێنەوارناسیی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی بەرفراوان لە ناوچە شوێنەوارییەكانی سلێمانیدا سەرقاڵی كنەو پشكنینن.
- ژمارەی ناوچە شوێنەوارییەكان (١١٠٠) ناوچەیە وەك: بێستانسور و چەرمۆ و هەزارمێرد و قەرەداغ و ...هتد،
- ژمارەی پارچە شوێنەوارییە ناوازەكان (٥٠٠) پارچەی ناوازە و دەگمەنن، كە بە ستانداردی جیهانیی و دیجیتاڵیی دۆكیومێنت كراون.
- ژمارەی مۆزەخانەكان (٣) مۆزەخانەن، كە بریتین لە مۆزەخانەی سلێمانی و مۆزەخانەی گەرمیان و مۆزەخانەی كەلەپووریی.
- ژمارەی گەڕەكە كەلەپوورییەكان (٧) گەڕەكن، كە گەڕەكەكانی (صابونكەران، مەڵكەندی، شێخان، سەرشەقام، چوارباخ، جوولەكان، كانێسكان)ن.
- ژمارەی موڵكی خۆماڵیكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە وەك شوێنی كەلەپووریی و شوێنەواریی، (١٧) موڵكن.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe