پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان تاووتوێ‌ دەكرێت

پارێزگای سلێمانی

بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی ‌و دهۆك ‌و هەردوو ئیدارەی گەرمیان ‌و سۆران كۆدەبنەوە، لە پێناو تاووتوێكردنی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ ساڵی 2022.
رۆژی سێشەمە 25/1/2022 د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان لە دیوانی وەزارەتی پلاندانان، لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و دهۆك و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی سۆران و گەرمیان كۆبوەوە.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا، كە بەئامادەبونی هەریەكە لە بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان بەڕێوەچوو، گفتوگۆی تێروتەسەل كرا لە بارەی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ ساڵی 2022 ‌و چۆنێتیی پەلەكردن لە جێبەجێكردنی پرۆژە گرنگ ‌و ستراتیژییەكان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پلاندانان، د. دارا ڕەشید ئاماژەی بەوە كردووە، لە داڕشتن و دیاریكردنی بودجە و پرۆژەكاندا، وەزارەتی پلاندانان دادپەروەریی پەیڕەو دەكات، بە شێوەیەك كە پرۆژەكان خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بگەیەنن، داواشی لە بەرپرسان كرد، لیستی پرۆژەكان ئامادە بكەن بەمەرجێك پرۆژەكان سوود بە هاووڵاتیان بگەیەنن و ئامانج لە جێبەجێكردنیان خزمەتكردن بێت بە دانیشتوان بە گشتی.
دواتر تاووتوێ پرۆژەی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت (PPP) كرا، كە وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتیی دەكات، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان كرا بە گوێرەی پێویستیی، پرۆژەكان دیاری بكەن بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان را و بۆچونیان لە بارەی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارەكانیاكان پێشكەش بە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe