فەرهەنگێكی هاوبەشی كوردیی هیندیی دادەنرێت

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی داوا لە هیندستان دەكات، كورسیی خوێندنی ماستەر ‌و دكتۆرا بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت ‌و فەرهەنگێكی هاوبەشی كوردیی ‌و هیندیش دابنرێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رەزامەندیی لەسەر پێشنیاز و داواكارییەكە دەدەن.  
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 18/4/2022، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ وڵاتی هیندستان، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێز نوێنەری ئەنجومەنی هیندیی بۆ پەیوەندییە كولتورییەكاندا، لە شاری حەیدەرئاباد، سەردانی زانكۆی زمانە ئینگلیزیی و بیانییەكانی كرد و لەلایەن بەڕێزان پرۆفیسۆر سروش كۆمار ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆی گرانتس (UGC) كە لە ٢٨ی كانوونی یەكەمی ١٩٥٣ هاتووەتە ئاراوە و بووە بە ڕێكخراوێكی دەستووریی حكومەتی هیندستان لە ساڵی ١٩٥٦ وە بۆ هەماهەنگی و دیاریكردن و پاراستنی ستانداردەكانی فێركردن و تاقیكردنەوە و توێژینەوە لە پەروەردەی زانكۆییدا ؛ تەرخانكراوە، هەروەها لەلایەن سەرۆكایەتیی و جێگر و ڕاگرانی زانكۆكەوە؛ پێشوازیی لێكرا.
دوای گفتوگۆ ‌و پێشوازیكردن، لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆكەوە سیمینارێكی تایبەت بە شاری سلێمانی و كولتور و زانكۆ و زمان و خوێندنی باڵا بۆ پارێزگاری سلێمانی ڕێكخرا و تیایدا سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و ڕاگر و پرۆفیسۆرەكانی زانكۆكە بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگیی نێوان ئەم زانكۆیە و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا، پێشنیازەكانی پارێزگاری سلێمانی بۆ دانانی فەرهەنگێكی هاوبەشی نێوان هەردوو زمانی كوردیی و هیندیی و تەرخانكردنی كورسیی پشتیوانیكراو بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی و زمانەكانی تر و كار و توێژینەوە و كۆنفرانسی زانستیی هاوبەش؛ پەسەندكران و ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ هەموو هەماهەنگیی و پشتیوانییەك دەربڕی.
خەڵاتی ڕێزلێنانی زانكۆكەیان بەخشییە پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاریش خەڵاتی تایبەتیی پارێزگا و زانكۆكانی پارێزگاكەی پێشكەشكردن و كۆلیژ و دامەزراوە جیاجیاكانی زانكۆكەی بەسەركردەوە، كە لەگەڵ ١٦٥ دەوڵەتدا كاری زانستیی هاوبەشیان هەیە و یەكەمن لەسەر ئاستی هیندستان و لە یەكەمەكانی جیهانن لە بوارە زمانەوانیی و ئەدەبییەكاندا.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe