لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی گرفتە داراییەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بەڕێوەچوو تێیدا بڕیاردرا، پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەوییەت بێت و پێش هەر خەرجییەكی دیكە بێت، ئەو كورتهێنانەشی كە ئێستای هەیە پڕبكرێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 17/5/2022، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەداوە، ئامانج لە كۆبوونەوەكە، دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە داراییەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست بوو، تایبەت بە كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی، ئەركی لە پێشینەی حكومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بكات كە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێویی هاووڵاتیان، حكومەت بەیەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان دەكات و ئەرك و بەرپرسیارێتیی كابینەكەشە، چارەسەری كێشەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بكات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی هەرێم بێت.
دواتر هۆكارەكانی كورتهێنان و كێشە داراییەكان و پێشنیارەكانی چارەسەركردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە گیانی هەستكردن بە لێپرسراوێتیی جەختیان كردەوە كە حكومەتی هەرێم بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكانی هەرێم دەكات و بەرپرسیارێتیی سەرشانیشیانە، شایستەی دارایی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەك یەك دابین بكرێت و ئەوەش ئەولەویەتی كاری ئەم كابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجیی مووچە لە پێش هەر خەرجییەكی دیكە، دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە، لە هەمان كاتدا لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هەماهەنگیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانكییەكان، بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەكان سەبارەت بە داهاتە گشتییەكان و گەیشتن بە ڕاست و دروستیی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن.
لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ئامادە بوون.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe