"خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئامانجی سەرەكیی حكومەتە"

پارێزگای سلێمانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی ناوخۆ دەكات و سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت دەكات ‌و جەخت دەكاتەوە لەوەی: دەبێ یاسا بە یەكسانی بە سەر هەموو كەسێكدا جێبەجێ بكرێت و نابێت كەس لە سەرووی یاساوە بێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 2/6/2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری هەولێر سەردانی وەزارەتی ناوخۆی كرد و لەلایەن  ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیكەی وەزارەت و یەكە ئیدارییەكانەوە پێشوازیی لێكرا.
سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و بریكاری وەزارەت و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیارەكانی ئیدارە سەربەخۆكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆی كرد.
سەرەتا وەزیری ناوخۆ پوختەیەكی دەربارەی كار و پرۆژەكانی وەزارەت و ئەو چاكسازیانە خستەڕوو كە لە وەزارەتەكەدا كراون، لە چوارچێوەی پلان و كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكانی وەزارەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان لە بوارەكانی هاتوچۆ و نشینگە  و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی و هەماهەنگیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
دواتر سەرۆكی حكومەت، ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی ناوخۆ كرد، كە وەزارەتێكی گەورە و گرنگ و یەكێك لە سەركەوتووترین وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستانە، كە وێڕای ئەوەی وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشكەشی هاووڵاتیان دەكات، لە هەمان كاتدا جێبەجێكاری یاسا و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان، بە هەماهەنگیی و هاوكاریی دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكە، هەماهەنگییەكی باش هەیە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بە هۆی ئەو هەماهەنگیی و بەیەكەوە كاركردنە و بە هۆی هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی هەرێم لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان، ئێستا هەرێمی كوردستان، شوێنێكی ئارامە لە ناوچەیەكی نائارامدا.
سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە، كە دەبێ یاسا بە یەكسانی بە سەر هەموو كەسێكدا جێبەجێ بكرێت و نابێت كەس لە سەرووی یاساوە بێت، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆشی ڕاسپارد، لە جێبەجێكردنی یاسا و سزادانی تاوانباراندا، بەتایبەت ئەوانەی بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و كۆمەڵگە، زۆر توند بن و هیچ چاوپۆشیكردن و كەمتەرخەمییەك نەكەن لە بە سزاگەیاندنیان، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە لە فەرمانگەكانی حكومەتدا، زۆر بە ڕێزەوە پێشوازیی لە هاووڵاتیان بكرێت و بە باشترین و شایستەترین شێوە خزمەتیان بكرێت و پێویستە خزمەتكردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتیان، ئامانجی سەرەكیی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حكومەت بێت.
دواتر لەلایەن بەشێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، چەندین پێشنیاز و تێبینی لەسەر ئەو بابەتانە خرانەڕوو و گفتوگۆی پێویستیان لە بارەوە كرا.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe