شێوازی رووناككردنەوەی شەقامی مەلیك مەحمود دەگۆڕدرێت

پارێزگای سلێمانی

بە هەوڵی پارێزگاری سلێمانی و بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار، پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی تۆڕی رووناكی (ئینارە)ی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود جێبەجێ دەكرێت.
بەمەبەستی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا و پاراستنی ژینگە و بەخشینی سیمایەكی جوانتر بەشەقامی مەلیك مەحمود، لەسەر بودجەی رێكخراوی (UNDP) و بەبڕی (2) ملیۆن دۆلار، بەسەرپەرشتیی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لیژنەیەكی هونەری لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی، پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی پێكهاتەكانی تۆڕی رووناكی (ئینارە)ی شەقامی مەلیك مەحمود كە درێژییەكەی 16 كیلۆمەترە جێبەجێ دەكرێت.
ئەندازیار ئەبوبەكر رەسوڵ، سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە رایگەیاند: پرۆژەكە لەئێستادا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و بریتییە لە گۆڕینی پێكهاتەی ئینارە كۆنەكە كە (سۆدیۆم)ە و كارەبای زۆری پێویستە، بۆ گڵۆپی (لید) كە كارەبای زۆر كەم دەوێت و دۆستی ژینگەیە.
وتیشی: كۆی بودجەی پرۆژەكە بریتییە لە 2 ملیۆن دۆلار و رێكخراوی (UNDP) دابینی كردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، شێوازی هەڵبوون و كوژاندنەوەی گڵۆپەكان دەگۆڕدرێت بۆ سیستمی (تایم زۆن) كە بەپێی پرۆگرامێكی تایبەت، لەكاتی خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا هەڵدەبێت و دەكوژێتەوە، بڕیارە پرۆژەكە لە ماوەی (365) رۆژدا تەواو بكرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمساڵ لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، پرۆژەی دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ شەقامی مەلیك مەحمود جێبەجێكراوە.  

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe