پەتای كۆلێرا كۆنترۆڵ دەكرێت

پارێزگای سلێمانی

پەتای كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی كۆنترۆڵ دەكرێت ‌و وەفدێكی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێم عێراق ‌و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سوپاسی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی دەكەن لە بەرامبەر هەوڵەكانیان، پارێزگای سلێمانیش داوا لە بەغداد دەكات هاوكار بێت لە چارەسەركردنی وشكەساڵی ‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئاوی پاك.
ڕۆژی چوارشەممە 29/6/2022، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا بەئامادەبوونی بەڕێزان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی، پێشوازییكرد لە بەڕێزان د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستیی و د. ئەحمەد ئەبوبەكر بەرپرسی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی لە عێراق و د. وائیل هەتاهیت بەرپرسی تیمی ئیمێرجنسی لە عێراق و د. نەجمەدین حەسەن نوێنەری WHO لە پارێزگای سلێمانی و وەفدی هاوڕێیان، كە بەمەبەستی سوپاسكردنی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی و حكومەتی خۆجێیی سلێمانی و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانیدا، بۆ هەوڵەكانیان بۆ سنورداركردن و كۆنتڕۆڵكردنی پەتای كۆلێراو دەربڕینی پشتیوانی بەردەوامیی خۆیان سەردانیان كردبوو.
لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ  كرا لە بارەی هۆكار و چارەسەر و ڕێكارەكانی خۆپاراستن لە پەتای كۆلێرا، پارێزگاری سلێمانی بەڕێز نوێنەری  WHOی عێراقی ڕاسپارد، بە گەیاندنی پەیامی پارێزگای سلێمانی بە حكومەتی ئیتحادی بە مەبەستی پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی، لە چارەسەركردنی وشكەساڵی و دابینكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەتایبەتی لە بواری ئاوی پاكدا، لەڕێی تەرخانكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانەوە بۆ كۆتاییهێنان بەو نەخۆشیی و مەترسیانەی كە هەڕەشە لە تەندروستیی گشتی و ئاسایشی تەندروستیی عێراق و ناوچەكە دەكەن.
وەفدی میوان ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ پشتیوانیكردنی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆلێرا دەربڕی، دواتر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەگەریدا ئەنجامی كۆبوونەوەكە ڕاگەیەندرا و پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، بە هۆی پابەندیی هاووڵاتیان و بەهەوڵی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی و كەرتی تەندروستیی و ئاوی پارێزگاكە و پشتیوانییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكانی تەندروستی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی و  WHO، ژمارەی تووشبوان ڕوو لە كەمبوونەوەیە و  پەتاكە لەژێر كۆنترۆڵدایە، وتیشی: بە هەستیاریی تەواوەوە پێویستە هاووڵاتیان بەردەوامبن لەسەر خۆپارێزیی، بۆ ئەوەی لە مانگەكانی داهاتوودا سەرهەڵنەداتەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی كارو چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscribe