لە سلێمانی چەكی بێ موڵەت قەدەغە كرا

پارێزگای سلێمانی

د. هەڤاڵ أبوبكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە پیێ ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەریمی كوردستان چەكی بێ مۆڵەت لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كرا ، لەم ڕوانگەیەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لیژنەی ئارامی بە هاوكاری دەزگا ئەمنییەكان سەرجەم دوكانی چەك فرۆشی بێ مۆڵەت دادەخەن ، لە ناو شارەكان و دەرەوەی شارەكان خاڵی پشكنین دانراوه . هەر هاووڵاتییەك چەكی بێ موڵەت هەڵگرێ دەست بەسەر چەكەكەی دا دەگیرێ و سزا دەدرێ .

ئەمەی خوارەوە دەقی بڵاكرەوەی پارێزگاری سلێمانییه:

لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن؛ دادەخرێن و، هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە؛ ڕادەگیرێت.

دووەم: لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەکە کارگێڕییەکاندا؛ وەک هەمیشە خاڵی پشکنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەکاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت.

سێیەم: هەر هاووڵاتییەک بە چەکی بێمۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاکان و هەر شوێنێکی تر بکات؛ ڕاستەوخۆ دەستبەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت.

هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ کاری پێویست، داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین هاوکارو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

30/6/2022