خولی سیاساتی گشتی کۆتاییهات

پارێزگای سلێمانی

بە بەشداریی بەڕێوەبەری پەیمانگای کیپا، ئەحمەد عەلی ئەحمەد لەبری پارێزگاری سلێمانی، بڕوانامەی بەخشییە بەشداربوانی خولی سیاساتی ئیدارەی گشتی.

لە میانی چالاکییەکانی دواڕۆژی خولی سیاساتی گشتیدا کە لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، لە وتەیەکدا لە بری پارێزگاری سلێمانی، سوپاسی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و پەیمانگەی کیپای کرد، بۆ کردنەوەی خولەکە و ئامادەیی پارێزگاشی پیشاندا بۆ هەر جۆرە کارئاسانی و هاوکاریی و هەماهەنگییەک.

ئەحمەد عەلی هیوای خواست لە داهاتوودا خولی جۆراوجۆری دیکە بکرێنەوە لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئەدای بەرپرس و کارمەندانی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و بەدامەزراوەییکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکان.

خولی سیاساتی گشتی لەلایەن پەیمانگەی کیپاوە بە هاوکاریی بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ (٢١ هەتا ٢٤ی ئابی ۲۰۲۲) لە هۆڵی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن د. جوان بەختیارەوە وترایەوە و نوێنەری زیاتر لە سی فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی تێیدا بەشداربوون.