نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوی بەردەوامە

پارێزگای سلێمانی

نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوی، لەسەر ئەركی ئەمریكا بە سێ‌ قۆناغ نۆژەندەكرێتەوە و تا ئێستا دوو قۆناغیان تەواو بوون، پارێزگاری سلێمانیش دەستخۆشی لەو هەنگاوە دەكات بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سلێمانی ‌و هەرێمی كوردستان ‌و عێراق.
ڕۆژی دووشەممە 7/11/2022، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێزان (ئێرڤن هیكس) كونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی و (د. ئەحمەد زوەیتن) بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و (د. سەباح هەورامی) بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و (د. نجم الدین) بەڕێوەبەری نوسینگەی WHO لە سلێمانی و دكتۆر شاخەوان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوی سلێمانی، لە رێوڕەسمێكدا سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوویان كرد.
بڕیارە نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوی، لەسەر بودجەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەت نوسینگەی پەنابەران و كۆچی ئەمریكا ( PRM ) بەبڕی زیاتر لە یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار دۆلار و لەڕێی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، بەسێ قۆناغ نۆژەنبكرێتەوە.
قۆناغی یەكەم بەبڕی ٢١٠ هەزار دۆلار تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ كرایەوە، كە نوێكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكە بوو، قۆناغی دووەم بەبڕی ٣٧٧ هەزار دۆلار هۆڵی پێشوازیی و قاوشی مناڵان و فریاكەوتنی خێرا و تاقیگە و كۆگا نوێ كرانەوە و رۆژی دووشەممە كرایەوە، لە قۆناغی سێیەمیشدا بەبڕی ٦٧٤ هەزار دۆلار هۆڵی نەشتەرگەریی جوانكاریی سوتاویی و قاوشی گەوران نوێدەكرێنەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی دەست پێدەكات.
نەخۆشخانەی چارەسەری سوتاوی، نەخۆشخانەیەكی دەگمەنە و خزمەت بە هاووڵاتیانی سلێمانی ‌و هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و زیاتر لە دووسەد هەزار ئاوارە و پەناهەندە لێی سودمەند دەبن.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی كارو چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscrib