لە بارەی ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگاری سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدوون پەیامێک بڵاودەکاتەوە

پارێزگای سلێمانی
لە بارەی ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگاری سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدوون پەیامێک بڵاودەکاتەوە
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 14-8-2016 د.ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی لەژێر ناونیشانی (پۆست دەگۆڕین یان پۆست دەمانگۆڕێت) بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی
پۆست دەگۆڕین یان پۆست دەمانگۆڕێت ؟
ئاسۆ فەرەیدوون
لەیەکەم ڕۆژی پارێزگاربوونمەوە خۆم خستۆتە بەردەم ئەم پرسیارەوە ( ئایا دەبێت پۆستەکەمان بگۆڕین یان پۆستەکەمان بمانگۆڕێت ؟)
بەتەواوی توانامەوە ، بەهاوکاری ستاف و بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی پارێزگا و سەرجەم فەرمانگەکانەوە لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینمدا لە هەوڵدابووین لەیەک کاتدا بگەین بەهەردوو مەبەستەکە .
پۆستی پارێزگاربوون بە هەموو قەیران و کەمدەستیەکەوە بگۆڕین بۆ پۆستێکی سادەی کراوە . لەکەشکەلانەوە بیخەینەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵکەوە .
هاوکات پۆستەکەش ئێمە بگۆڕێت بە دەرککردن و هەستکردن بەو سەدان کێشە و گرفتە ڕۆژانەی خەڵک کە دێتە بەر چاو و دەستمان .
پارێزگای سلێمانی وەک یەکێک لە قورسترین پارێزگاکانی هەرێم و عێراق ، بەهۆی ڕێژەی دانیشتوان و بوونی زۆرترین یەکەی ئیدارەی پەیوەست لە قەزا و ناحیەکان ، هەروەها یەکەم ئەزموونی ئیدارەی هاوبەش لە پێکهاتەی برایانی هەموو حیزبە براوەکانی هەڵبژاردن . جوهدێکی تری دەویست بۆ سەرکەوتن و دروستکردنی زەمینەیەکی ڕەخساو ، تاوەکو لە تەبایی یەکە ئیداریەکانەوە ، ببینە هۆکاری سازدانی زەمینەیەک ڕەنگدانەوەی کاری هاوبەش و برایەتی لەنێوان بەشدارانی حکومەتی خۆجێیەوە بگوێزرێتەوە بۆ کاری هاوبەشی نێوان پارتە سیاسیەکانیش .
زیاتر لەوەش هەوڵماندا لەم جۆرە سیاسەتە ئیداریەماندا لەئاستی عێراقیشدا پێشەنگ بین . بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا ، سەرباری هەموو جیاوازیە مەزهەبی و تائیفیەکان ، لە پلاتفۆرمی سلێمانیدا هەر نۆزدە پارێزگاکەی عێراقمان لە سلێمانیدا کۆکردەوە بۆ گفتۆگۆکردن . ئەگەرچی لەسەر حسابی کەسێتی سیاسیمان بەر تانە و ڕەخنە دەکەوتین ، پێشوەختە دەمانزانی سەرزەنشت دەکرێین ، بەڵام ئێمە لەهەرلایەکەوە دەرگایەکمان بۆ چاککردن و باشکردنی ژیانی خەڵک شک بردبێت، لەبەغدابێت یان هەر جێگەیەکی تر ، بێ دوودڵی هەوڵمانداوە بارگرانی قەیرانە داراییەکان بەسەر هاوڵاتیانەوە کەمبکەینەوە.
دەبوو لە سیاسەتی ئیداریماندا بەو جۆرەبین . چونکە لە مەکتەبێکەوە فێربووین کە مەدرەسەی دیبلۆماسیەت و سیاسەتی مام جەلالە . بڕوامان بە بنەبەستی و داخرانی یەکجاری نی یە ، لەدواجاردا هەر دەروازەیەک هەیە کێشەکانی لێوە چارەسەربکرێت .
هەر لەو پرەنسیبە دیموکراتخوازیانەوە ، فێری پابەندبوون و متمانەبوون بووین بە ڕێکەوتن و پەیمانەکانەوە . وەک پابەندبوونمان بە ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەسەر پۆستەکان ( بەدیاری کراوی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ) چونکە بەندە وەک پارێزگاری سلێمانی لەشوێنی خۆمەوە لە ڕۆژی ٢٠ ی ئابدا لەو پۆستە دەترازێم و ئامادەی رادەستکردن و بەرچاوڕوونی بەڕێز پارێزگاری نوێم ، تالەم ماوەیەدا ئیشوکارەکان و خۆئامادەکردنی بەڕێزیان بۆ ڕۆژی دەست بەکاربوون و ستافی نووسینگەی بەڕێزیان بەردەست بێت .
لە ئەزموونی خۆمانەوە پشتیوان و یارمەتی دەریان دەبین بۆ سەرکەوتنیان. چونکە هەر کەس و لایەنێک پارێزگاربێت خەڵک داوای خزمەتکردنمان لێدەکات و لەپێناو ئەوەشدا دەنگ و متمانەیان پێداوین . هەرکەسێکیش ڕووی سیاسەتی بەڕێوەبردن و ئامانجەکەی لە مرۆڤ و خەڵک بێت ، بەسەرماڵمانەوە پشتیوان و پشتگیری لێ دەکەین .