بەردی بناغەی رێگایەكی ستراتیژیی دادەنرێت

پارێزگای سلێمانی

بەردی بناغەی پرۆژەیەكی رێگاوبان دادەنرێت، كە لۆدی سەر رێگای نێوان سلێمانی و گەرمیان كەمدەكاتەوە ‌و كاریگەریی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ و كارئاسانییش دەكات بۆ هاتووچۆی شۆفێران و هاووڵاتیان.
ڕۆژی یەكشەممە 18/12/2022، بە سەرپەرشتیی و ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بریكاری وەزارەت و وەفدی باڵای وەزارەتەكەیان، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان ئەحمەد عەلی ئەحمەد جێگری پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبانی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری ناحیەكانی باوەخۆشێن و وارماوا و بەڕێوەبەری فەرمانگا حكومییەكانی سنورەكە، بەشدارییكرد لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ڕێگای وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان، كە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بە بڕی حەوت ملیار و چوارسەد و چوار ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار دینار و بە درێژیی بیست و دوو كیلۆمەتر، لەلایەن كۆمپانیای دەستورەوە جێبەجێدەكرێت و دەبێتە ڕێگایەكی سەرەكیی نوێ لەنێوان وارماوا و دەربەندیخان و ئاسانكردنی هاتووچۆ و كەمكردنەوەی ڕوداوەكانی هاتووچۆ و بوژاندنەوەی گوندەكانی سنورەكە و خێراتركردنی جوڵەی بازرگانیی لە سنورەكە و پارێزگاكەدا.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە بایەخی پڕۆژەكە و پلانی وەزارەتەكەیان دوا و سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان و فەرمانگا حكومییەكانی حكومەتی خۆجێیی كرد، بۆ هەماهەنگیی و پشتیوانیی بەردەوامی پلان و بەرنامەكانی وەزارەتەكەیان، كە ئامانج لێیان خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستانە.
لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا، سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبانی سلێمانی و هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەكان و كۆمپانیای جێبەجێكاری كرد.
 د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پیرۆزباییشی لە خەڵكی جوامێری سنورەكە كرد و هیوای خواست حكومەتی هەرێمی كوردستان نەختینەی پێویست بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان و بەتایبەتی ڕێگای دەربەندیخان – وارماوا و دەربەندیخان – كەلار و چاككردنی ڕێگاكانی بناری زمناكۆ و گوندەكانی تاوگۆزی و شوێنەكانی تریش تەرخان بكات و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا جێگیریان بكات.
ڕێگای وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان، رێگایەكی ستراتیژی دەبێت و بە زۆریی بۆ هاتووچۆی بارهەڵگری گەورە بەكاردەهێنرێت، كە بەهۆیەوە لۆدی سەر رێگای سەرەكیی دەربەندیخان – وارماوا كەمدەبێتەوە و كاریگەریی زۆری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov