ئەنجومەنی شارەوانی قەزاكان پێكدەهێنرێنەوە

پارێزگای سلێمانی

بڕیارە ئەنجومەنی شارەوانی قەزاكان پێكبهرێنەوەو سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رایدەگەیەنێت: دوای تەواوبوونی رێكارەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەخرێتە دەنگدانەوە. بارزان حامد سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەسایتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لە(15/1/2023) لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ قەزای (شارەزوور، قەرەداغ، دەربەندیخان) بۆ گفتوگۆكردنی لەبارەی پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی قەزاكان كۆبووینەوە.

وتیشی: ئەنجومەنی شارەوانی قەزاكان لەپەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئاماژەی پێكراوەو هەروەها لەماددەی (35)ی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) كە لەئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم دەرچووەو باس لەپێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی دەكات لەسنووری یەكە كارگێڕییەكانیان.   
باسی لەوەشكرد، بڕیارە هەیكەلی ئەنجومەنەكە جارێكی دیكە دابڕێژرێتەوەو دواتر بنێردرێت بۆ رەزامەندی پارێزگای سلێمانی و دواتریش رەوانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێت بۆ پەسەندكردن.