پارێزگاری سلێمانی: پێویستە لە هەموو دۆخەكاندا رۆژنامەنووسان پارێزراو بن

پارێزگای سلێمانی

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، بە هاوكاریی رێكخراوی پاڵپشتیی میدیای نێودەوڵەتی، راپۆرتی ساڵانەی رەوشی ئازادیی  رۆژنامەنووسیی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، پارێزگاری سلێمانیش وێڕای سوپاسكردنی رۆژنامەنوسان، لە وتەیەكدا رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان ئازادیی رۆژنامەگەریی هەیە، بەڵام رۆژنامەگەیی ئازاد وەكو پێویست نییە، ناسەقامگیریی سیاسییش بووەتە هۆی ئەوەی، رەوشی خەڵك بەرەو خراپی بچێت، بۆیە پێویستە رۆژنامەنووسان رۆڵی كارا بگێڕن لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان ‌و نەبن بە بەشێك لە ململانێ‌ و كێشەكان.
ڕۆژی دووشەممە 16/1/2023، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومیی ‌و نوێنەری رێكخراوە ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتییەكان و رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن، سەنتەری میترۆ راپۆرتی رەوشی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022 بڵاوكردەوە، كە تێیدا چەندین ئامار خرانەڕوو لە بارەی رەوشی رۆژنامەنووسی.
لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە وتەیەكدا سوپاسی پارێزگای سلێمانیی پێشكەش بە سەنتەری میترۆ و ڕێكخراوی پاڵپشتیی میدیای نێودەوڵەتی IMS و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و دەزگا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و سەرجەم ڕۆژنامەنووسان كرد.
پارێزگاری سلێمانی هیوای خواست، زەمینەی لەبارتر بۆ رۆژنامەنووسان بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی رۆڵ بگێڕن لە گەشەسەندن و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگەدا ‌و بەشدارییەكی كارا بكەن لە هێنانەكایەی میدیایەكی نیشتمانیی ئازادی گەشەكردوودا، وتیشی: پێویستە لەهەموو بارودۆخەكاندا رۆژنامەنووسان پارێزراو بن و زەمینەی لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت هەتا پەیامی میدیایی بگەیەنن.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov