قەزای دوكان

پارێزگای سلێمانی

قەزای دوكان دەكەوێتە‌ نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر لە باشوری كوردستان، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و دەكەوێتە خۆرئاوای ناوەندی پارێزگاكە بە دووریی 65 كیلۆمەتر، هەروەها كەوتووەتە نێوان چیاكانی ئاسۆس و كۆسرەت و شاخی گەورەی قەرەسرد، لە خۆرئاوای قەزاكەش چیای هەیبەت سوڵتان لەگەڵ سنوری قەزای كۆیە جیایان دەكاتەوە، چیاكانی سارا و دابان هەلاج و جاسەنە و پیرەمەگرون كەوتونەتە خۆرهەڵاتی قەزاكەوە،  قەزای دوكان هەڵكەوتووە لەسەر بەنداوی دوكان و زێی بچوك ، خاوەنی هەردوو دەشتایی بە پیتی مەرگە و پیرەمەگروونە، بەوەش بێجگە لە سروشتە جوان ‌و دڵڕفێنەكەی كە كردوویەتییە ناوچەیەكی گەشتیاریی، سنورێكی بەرفراوانی كشتوكاڵییش لەخۆدەگرێت.
 كۆی گشتیی ڕووبەری زەویی سنوری قەزای دوكان (13.709) كیلۆمەتر دووجایە، لەسەر ئەو ڕووبەرەش زیاتر لە (14.975) خێزان دەژین، دوكان بە ناوەندی گەیەنەری نێوان ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر و سەرجەم گوند و شارەكانی تر دادەنرێت، چونكە كەوتووەتە سەر ڕێگا و بە ناوچەیەكی گرنگ دادەنرێ لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەت بۆ پارێزگای سلێمانی.

قەزای دوكان لە رووی مێژووییەوە:
لێكۆڵینەوە مێژووییەكان دەریدەخەن، كە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان جێگای ژیان بوون، ئەگەر ژیانی كۆچەری بێ یاخود ژیانی بە كۆمەڵ، لە چوارچێوەی گوندێك وەك گوندی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، سنوری قەزای دوكانیش بەهۆكاری ئەوەی ناوچەیەكی چیایی پڕ ئەشكەوتە، بەگوێرەی توێژینەوەكان لە 8000 ساڵ پێش زایینەوە ژیانی مرۆڤی تێدابووە، بە تایبەت لە ئەشكەوتی قزقاپان و جاسەنە و چەندین ئەشكەوتی تر .
لەلایەكی تر مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت، كە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مادەكاندا، سنوری قەزای دوكان لە گرنگترین ناوچەكانیان بووە و شوێنی ئیداریی و سەربازییان بووە، بە تایبەت لە دوای ساڵی 612 پێش زایین، كە بەرامبەر بە ئاشورییەكان جەنگاون ‌و ئەو كاتە ئاشورییەكان سنوری دەسەڵات ‌و قەڵەمڕەوییان لە نەینەوادا بووە،  دواتر سنوری دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی مادەكان گەیشتە نەینەوا و بەسەر ئاشورییەكاندا سەركەوتن، یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی مادەكانیش بەسەر ئاشورییەكاندا، شوێنی مانەوەیان بووە لە ئەشكەوتی قزقاپان، كە بۆ هەمیشە چیاكان و ئەشكەوتەكان هۆكاری سەركەوتنی مادەكان و نەوەكانیان بوون.
سەرەتا دوكان چەند ماڵێك بووە بە پاڵ چیای ساراوە بە دیوی بەنداوی ئێستای دوكان، لە نزیك دوو كانیی ئاوی سازگاردا نیشتەجێ بوون، كە ناوی دوكان لەو دوو كانییەوە سەرچاوەی گرتووە یان لە دوو لقان واتا هەردوو دۆڵی پاڵ چیای سارا و مەرگە، كە لە بەنداوی دوكان یەكیان گرتووە ‌و بوە بە سەرچاوەی ناوی دوكان و ئێستاش بەو ناوە دەناسرێت، بەڵام بۆ چوونی یەكەم باوەڕپێكراوترە كە دوو كانیی ئاو بە قەدپاڵی چیای ساراوە هەبووە، دەوروبەری ئاوەدان بووە ‌و بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریك بوون.


 
قەزای دوكان لە رووی كارگێڕییەوە:
دوای ساڵی 1954  كە دەستكرا بە دروستكردنی بەنداوی دوكان، زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندانەی ژێر ئاوی بەنداوەكە دەكەوتن، بە بڕیارێكی ئەو كاتی حكومەتی ناوەندیی عێراق، گوازرانەوە بۆ دوكانی ئێستا و پیرەمەگرون و حاجیئاوا و چوارقوڕنە، چونكە ئەگەر لە لادێكانیاندا نیشتەجێ بوونایە، ئەوا بە هۆی بەرزبونەوەی ئاوی بەنداوەكەوە ژیانیان لە مەترسیدا دەبوو، بۆیە دوكان بوو بە ناوچەیەكی ستراتیژیی و گەشتیاریی و نزیك لە دەشتە بە پیتەكان و باخ و باخاتی چیاكان.
 بەهۆی گواستنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی گوندەكان، لە دوای ساڵی 1960 ژمارەی دانیشتوانی دوكان زۆر زیادیكرد، حكومەتیش زیاتر گرنگیی پێدا بە گواستنەوەی وێستگەی كارەبا بۆ سەر بەنداوەكە، بەوەش زیاتر لە 30 ماڵ كە لە بوارە جیاجیاكاندا فەرمانبەری حكومەت بوون، لە دوكان نیشتەجێ كران، بۆ سەرپەرشتیكردنی وێستگەكە ‌و بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەوەش دوای تەواوبوونی بەنداوەكە هات كە ساڵی 1959 بوو، لە دەوروبەری ئەوانیش چەندین ماڵ زیادیكرد،
بۆیە ساڵی 1971 حكومەتی عێراق بە فەرمانێك دوكانی كرد بە قەزا ‌و وەك ناوچەیەكی ستراتیژیی و گرنگ ناساندی، دوای راپەڕینیش حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوچەیەكی گەشتیاریی و شوێنەواریی ناساندی و تا ئێستا ئەو ناوچەیە گرنگیی خۆی لە دەست نەداوە و ژمارەی دانیشتوانەكەی لە زیادبوونی بەردەوامدایە.
 لە ئێستادا سنوری قەزای دوكان پێكهاتووە لە ناوەندی قەزاكە و پێنج ناحیە لەخۆ دەگرێت، كە پێكدێن لە ناحیەكانی (سورداش، خەلەكان، بنگرد، خدران و پیرەمەگروون )، سەرجەم ڕوبەری قەزا و ناحیەكانیشی نزیكەی (13.709) كیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتوانی ئەو سنورەش بە ناوەندی قەزاكە و سەرجەم ناحیەكان بریتییە لە (74.856) هاووڵاتی و بە نزیكەی (14.975) خێزان لەو سنورەدا دەژین.
قەزای دوكان لە ئێستادا سەر بە پارێزگای سلێمانییە و لە سەرەتای بە قەزابوونیشی هەر سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە و یەكەم قائیمقامیش كە لە دوكان دەستبەكار بووە ( جەمال ڕەمزی مەعروف) بووە لە نێوان ساڵانی 1971 تا 1974، دواتر چەندین قائیمقام و بەڕێوەبەر و فەرمانبەری تر خزمەتیان كردووە، لە ئێستادا لە سنوری قەزای دوكان (119) فەرمانگەی جۆراوجۆر خزمەت بە هاووڵاتیانی سنورەكە دەكەن، كە دابەش بوون لە ناوەندی قەزاكە و هەر پێنج ناحیەكەدا ‌و سەر بە پارێزگای سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانن .

دوكان لە بواری كۆمەڵایەتیدا:
لە سەرەتای بوونی ئاوەدانی لەو سنورەدا و دواتریش لە ناوەندی قەزای دوكان، هەندێك تیرە و هۆز بەیەكەوە ژیاون و خزمایەتیی ژن و ژنخوازیی زیاتر لەیەكرت نزیكی كردوونەتەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ یەكتریدا بەشدار بوون و گیانی هاوكاریی و تەباییان بەهێزبووە بۆ یەكتر، كەمترین كێشەی كۆمەڵایەتی بەراورد بە ناوچەكانی تر لەو سنورەدا تۆماركراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لێبوردەیی و یەكترقبوڵكردنی دانیشتوانەكەی، ئەگەر هەر كێشەیەكی بچوكی كۆمەڵایەتیش ڕویدابێ، بە زووترین كات چارەسەركراوە، دانیشتوانی ناوەندی قەزای دوكان و سنورەكە، هاووڵاتی بەڕێز و دڵسۆز و میواندۆستن.
كاری هەرەوەزی لە كۆن و ئێستادا، پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی بەهێزتر كردووە، بە تایبەت لە كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریدا، ڕەنگدانەوەی بەهێزی لایەنی كۆمەڵایەتی تا ئێستا بە سیمای دانیشتوانی ئەو سنورەوە ماوە.
لە لایەكی ترەوە بە هۆكاری ئەوەی قەزای دوكان لەسەر ڕێگای چەندین شار و گونددایە، بە ناوەندێكی گرنگی گەشتیاریی و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی دادەنرێ، كە بەهۆی بوونی هاوینەهەوار و شوێنەوارەكانییەوە، خەڵك لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕووی تێدەكەن، بەوەش پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و بازاڕی قەزاكەی پێ بەهێز بووە.

 گرنگیی قەزای دوكان:
سنوری قەزای دوكان گرنگیی زۆری هەیە بۆ كوردستان و عێراق، بە تایبەت لە چەند بوارێكدا:
یەكەم: بواری گەشتیاری
بەهۆی بوونی زێی بچوك و بەنداوی دوكان، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوچە جیاجیا كانی كوردستان و عێراق و دەرەوە ڕووی تێ دەكەن، ئەوەش دروستكردنی زۆر شوێنی گەشتیاریی لە خۆ دەگرێ، كە هەلیكاری بۆ سەدان كەس لە دانیشتوانی قەزاكە دابین كردووە، هەروەها بووەتە هۆی بژێوی بۆ خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان و كارمەندانی ئەو شوێنانە، كە خۆی دەبینێتەوە لە (قەشقۆڵی، بەنداوی دوكان، چەمی ڕەزان ، زێوێ و دەربەندی بنگرد).

دووهەم: شوێنەوارەكان:
شوێنەوارەكان لە هەر جێگایەك بن، ئەبن بە شوێنی گەشتیاریی و سەرنجڕاكێش، هەڵكەوتەی قەزای دوكان و ناوچەكانی سەر بەو قەزایەش، زۆر شوێنی گەشتیارییان لەخۆ گرتووە وەك ( ئەشكەوتی قزقاپان، ئەشكەوتی جاسەنە، ئەشكەوتی گەچكار و قەڵای ڕەبەنە لە شاخی پیرەمەگروون، قەڵای پاشا كوێرە)، بۆیە ئەو شوێنەوارە مێژووییانە گرنگی زیاتریان داوە بە ناوچەكە،  بەهۆی سەردانیكردنی هەزاران گەشتیار و شوێنەوارناس و مامۆستا و خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگەكان، كە بۆ لێكۆڵینەوەكانی خۆیان سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، هەر ئەو لێكۆڵینەوانەش وایانكردووە بزانین، كە سەدان ساڵ پێش ئێستا ژیان لەو جێگایانەدا هەبووە.

سێهەم: سامانی ماسی
بەهۆی بوونی بەنداوی دوكان و زێی بچوك، گرنگیی زیاتر بە سامانی ماسی دراوە لە سنورەكەدا و بە سەدان خێزان بژێوییان لەسەر بەخێوكردن و ڕاوكردنی ماسییە، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە ماسیی جۆراوجۆر  كە بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان و هەندێكجار بۆ باشوری عێراق و دەرەوەش دەنێردرێ، كەواتە قەزای دوكان لەڕووی سامانی ماسییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئابوریی هەرێمی كوردستان.

چوارهەم: كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی
بەرز و نزمیی بان و چیا و دەشت و ئەشكەوت و بوونی سەرچاوە ئاوییەكان، سنوری قەزای دوكانی كردووە بە ناوچەیەكی كشتوكاڵیی و شوێنی بە خێوكردنی ئاژەڵ، وەك بەهێزكردنی لایەنی ئابوریی و بژێوی بۆ دانیشتوانەكەی، كشتوكاڵ لەو سنورە بەو شێوەیە دابەش بووە: زۆربەی میوە و سەوزە و دانەوێڵە لە ناوچە دەشتە بە پیتەكاندا دەچێنرێ، سەبارەت بە میوەكانی وەك (ترێ، سێو، هەڵوژە، بەڕوو، چوالە، گێوژ، سماق و... هتد)ش لە بەرزایی و ناوچە چیاییەكاندا دەڕوێنرێن و زۆر لە شارەزایانی كەرتی كشتوكاڵ و جوتیاران بەرهەمیان دەهێنن،  كە دەینێرنە بازاڕەكانەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆیان.
لەلایەكی ترەوە لە پیشەی زۆربەی دانیشتوانی ئەو سنورەدا، بەهۆی بوونی ئەشكەوت و ئاو و لەوەڕگای زۆر، كە ئاو و هەوایەكی گونجاوی هەیە بۆ بەخێوكردنی (مەڕ، بزن، مانگا و گامێش)، هەروەها ژمارەیەكی زۆر ناوچەی پەلەوەری كراونەتەوە بۆ زیادكردنی بەرهەمی گۆشتی سپی بەشێوەیەكی تەندروست، زۆر كات دانیشتوانی گوندەكانی سنوری قەزای دوكان لە پاڵ كاری كشتوكاڵی، ئاژەڵدارییش دەكەن كە دوو كاری تێهەڵكێشی یەكن.

پێنجهەم: بەنداوی دوكان

بەنداوی دوكان ساڵی 1954 بە بڕیاری حكومەتی عێراق دەستكراوە بە دروستكردنی، ئەوەش دوای پشكنینی خاكی ناوچەكە، كە زانراوە ئەو جێگایە ‌گونجاوە بۆ دروستكردنی بەنداو، بەهۆی نزیكبوونەوەی كۆتایی هەردوو چیای كۆسرەت و سارا، كە وەك تەنگەبەرێك هەڵكەوتبوو، هەروەها هەبوونی پانتاییەكی زۆر لە سەرووی ئەو جێگایەی كە بەنداوەكەی لێدراوە و دروستكراوە.
بۆ كۆكردنەوەی ئاو، بەنداوی دوكان لەسەر زێی بچوك دروستكراوە بە دووری 65 كیلۆمەتر و لە خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی هەڵكەوتووە، ئەو بەنداوە ساڵی 1959 تەواو كراوە، بە تەواوبوونیشی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكەدا دەستی پێكردووە، كە بەرزترین ئاستی پڕبوون لەو دەریاچەیەدا (511) مەترە و نزمترین ئاستیش بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا (479) مەترە، هەروەها نزمترین ئاستی ئاوی دەریاچەكە، كە ناتوانرێت سەرف بكرێت (469) مەترە، دەریاچەكە دەرچەیەكی بۆ دروستكراوە لە كاتی سەرڕێژبوون، ئاوە زیادەكە دەچێتەوە خوارەوە و ( بە بێل ماوس) ناسراوە،               ئەو دەریاچەیە دەیان سودی سروشتی و مرۆیی هەیە، لەوانەش ژینگەیەكی لەبارەی رەخساندووە بۆ هەزاران جۆر ماسی و باڵندەی كێویی و ئاویی و ئاژەڵی تر.
بەوتەی شارەزایان و لێكۆڵیاران، بەنداوی دوكان سودی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی گەورەی هەیە، لەلایەكی ترەوە سەرچاوەی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوییە، كە بەهۆی گونجاویی شوێن و بوونی ئاوی بەهێز، زۆر گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، وێستگەی كارەبای دوكان ڕۆڵی زۆری هەیە لە پڕكردنەوەی پێداویستیی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەم بابەتە لەلایەن بەشی راگەیاندن و وێبسایتی پارێزگای سلێمانییەوە ئامادە كراوە ‌و مافی بڵاوكردنەوەی پارێزراوە

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov