لە كاتی بوومەلەرزەدا چی دەكەیت؟

پارێزگای سلێمانی

هەر كاتێك بوومەلەرزە ڕووبدات، مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەروست دەبێت، بۆیە پێویستە هەوڵ بدات چەند هەنگاوێكی خێرا بنێت، هەتا خۆی و دەوروبەری بەدوور بگرێت لە زیان، یاخود ئاستی مەترسییەكەی لەسەر ژیانی كەمتر بكاتەوە.
چۆنیەتیی مامەڵەكردنی دروست لە كاتی ڕوودانی بوومەلەرزەدا، لە هەر شوێنێك بیت: لە كاتی روودانی هەر بوومەلەرزەیەكدا لەبیرتان بێت، بە خێرایی ‌و ئارامیی هەڵسوكەوت بكەن و شوێنی گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنەوە، لە خوارەوە چەند رێنماییەك هەن، كە دەتوانیت لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا سوودیان لێوەربگریت:
 
لە ناو (ماڵەكانتان)دا:
سەر و دەم و چاوتان بپارێزن، بەهەر شتێك كە لە بەردەستدا بێت، وە بەرەو نزیكترین گۆشەی ژوورەكانتان بڕۆن، یاخود بچنە گۆشەی ژوور ‌و ژێر مێز و قادرمەی ماڵەكانتان .
لە پەنجەرە و دیواری دەرەوە و ئاوێنە و كەلوپەلی هەڵواسراو و مەكتەبەی ناو ماڵ دوور بكەنەوە.
لە كاتی تەواوبوونی كاریگەریی بوومەلەرزەكەدا، كارەبا و سۆپا و غازی ماڵ و هەموو ئەو شتانە  بكوژێننەوە، كە ئەگەری تەقینەوە یاخود ئاگركەوتنەوە ‌و شۆرتی كارەباییان لێدەكرێت.

لە دەرەوەی (ماڵ)دا:
بە پێی توانا لە باڵەخانەكان دوور بكەونەوە و بچنە نزیكترین شوێنی كراوە، هەروەها هەوڵ بدەن  خۆتان بپارێزن لە پارچە بەرد و دیوار و هەر شتێكی ناجێگیر.
لە پرد و ئەندەرپاس و كێبڵی كارەباكان و ستوونەكان و درەختی گەورە و ڕیكلامی هەڵواسراوی بەردەم دوكان و شوێنە بازرگانییەكان و شتە هەڵواسراوەكان دوور بكەونەوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری كەوتنەخوارەوەیاندا زیانتان پێنەگەیەنن.

لە ناو ئۆتۆمبێلدا:
هەر كە هەستتان بە بوومەلەرزە كرد، ڕاستەوخۆ خێراییتان كەمبكەنەوە و لە شوێنەكانی خۆتان بوەستن و لە ناو ئۆتۆمبێلەكانتاندا بمێننەوە.
ئەگەر لە ژێر پرد و ئەندەرپاس و تەنیشت درەخت و نزیك باڵەخانەكان بوون، هەوڵ بدەن كەمێك بكەونەوە بە ئۆتۆمبێلەكانتان دووربكەونەوە، یاخود خێرا ئۆتۆمبێلەكانتان رابگرن و بە پێ لە شوێنەكە دوور بكەونەوە.

لە قوتابخانە و فەرمانگە و كارگە و شوێنە گشتییەكاندا:
لە كاتی ڕوودانی بوومەلەرزەكەدا، بچنە ژێر مێزە توند و تۆڵەكان، یاخود خێرا خۆتان بگەیەننە گۆشەی ژوورەكان، دووربكەونەوە لە شووشە و پەنجەرە و ژێرگڵۆپ و سورەییاكان.
هەوڵ بدەن بە هەر كەرەستەیەك بێت سەرتان بپارێزن و بیكەن بە قەڵغانی سەرتان.
بە هیچ جۆرێك ئەسانسۆر (مصعد) بەكارمەهێنن و هەوڵ بدەن قادرمەكان بەكاربهێنن بۆ چوونە خوارەوە لە باڵەخانەكان.
دووربكەونەوە لەهەر سەرچاوەیەكی غازیی، سوتێنەر ، كیمیایی و تیشكدەر .
دووربكەونەوە لە محەویلەی كارەبا و بۆردی كۆنترۆڵ و كێبڵی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرز.

دوای كۆتاییهاتنی بومەلەرزەكەش پێویستە چەند رێوشوێنێك بگرینەبەر:
پێویستە ئامادەبین چونكە رەنگە بوومەلەرزەی دیكە بەدوای خۆیدا بهێنێت و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە، ببێتە هۆی رووخانی باڵەخانەكان كە بە بوومەلەرزەی پێشتر (سەرەكی) زیانیان پێگەیشتبێت.
دەرگای ماڵەكانتان دابخەن ‌و رووبكەنە شوێنە كراوەكان و دوور لە بینا و باڵەخانە و مەترسیدارەكان.
گوێ‌ لە رێنماییەكانی بەرگریی شارستانی بگرن و بۆ سەلامەتیی خۆتان ‌و كەسوكارتان تەواوی رێنماییەكان جێبەجێ بكەن.
ئەو كەسانەی بەسەختی زیانیان پێگەیشتوە و بریندار بوون، مەیانجوڵێنن لە شوێنەكانیان، هەتا ئەو كاتەی تیمەكانی فریاكەوتن بەهانایانەوە دەچن.
نزیك مەكەونەوە لە شوێنە رووخاوەكان بۆ رزگاركردنی كەسانی تر و دەرهێنانی شتومەك لە شوێنە زیانلێكەوتووەكاندا، چونكە رەنگە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانتان دروست ببێت.
ئاوێك مەخۆنەوە كە دڵنیا نەبن لە سەرچاوەكەی، یاخود پاك و خاوێنییەكەی، چونكە مەترسیی نەخۆشیی لێدەكرێت و زیانت پێدەگەیەنێت.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov