سلێمانی دەیەوێت جامی جیهانی هەرێمەكان (كۆنیفا) لەخۆبگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سیڤی پێشكەش كردووەو هەموو ئامادەكارییەكی كردووە، بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانیش دەڵێت: وەفدەكە هاتوونەتە سلێمانی و زۆر بەدڵنیان بووە لەهەموو روویەكەوەو گەشبینین پاڵەوانێتییەكە لەسلێمانی ئەنجامبدرێت.
كاروان زیرەك نوری بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی بەسایتی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: لیژنەكە هاتوونەتە شاری سلێمانی و زۆر بەدڵیان بووە لەڕووی هۆتێل و هەم لەڕووی یاریگاوە، هەتاوەكو كۆتایی ئەم مانگە، یاخود ناوەڕاستی مانگی چوار وەڵاممان دەدەنەوە، وتیشی: حەوت بۆ هەشت وڵات سیڤیان پێشكەشكردووە تاوەكو ئە پاڵەوانێتییە لێرە بكرێت كە 16 هەڵبژاردەی هەرێمە بێ دەوڵەتەكان تێیدا بەشدارن.
روونیشیكردەوە، لیژنەكە سەردانی هەولێرو دهۆكیان كردووەو بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی كۆتایی لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بكەن و بگەڕێنەوە بۆ سوید، وەفدەكە لەسویدو چەند وڵاتێكی دیكەوە هاتوون، بۆیە گەشبینین و هیوایەكی زۆر هەیە كە پاڵەوانێتییەكە لەهەرێمی كوردستان بكرێت بەتایبەتی لەشاری سلێمانی.
باسی لەوەشكرد، یارییەكانی چەند هەڵبژاردەیەكیان دەكەوێتە سلێمانی، لەبەرئەوەی سلێمانی لەڕووی ئەمنی و گەشتوگوزارو یاریگاشەوە گونجاو بۆ پاڵەوانێتییەكە.