لە پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەدرێن، بە مەبەستی رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە مانگی رەمەزان و جەژن و بەهاردا.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لە مانگی نیساندا ڕێگریی دەكرێت لە ناردنەدەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، كارئاسانیش بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵ دەكرێت.
ڕۆژی سێشەممە 28/3/2023، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەسەرپەرشتیی قائیمقامی مەڵبەند و ئامادەبوونی بەرپرسە ئیدارییەكان، كۆبوونەوەی لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی بەڕێوەچوو.
لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لە بارەی میكانیزمەكانی پاراستنی هاوسەنگیی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەكراودا، كە رێگریی بكرێت لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەریی، بەشێوەیەك كە خواستی هاووڵاتیان و پێداویستیی بازاڕ پڕبكاتەوە و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
دوای گفتوگۆی تێروتەسەل و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕ و هاووڵاتیان، لەلایەن لیژنەكەوە چەند بڕیارێك دران:
یەكەم: لە مانگی نیساندا و بە ڕەچاوكردنی مەرج و رێنماییە تەندروستییەكان، كارئاسانی بكرێت بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو، بەتایبەتی ئاژەڵی بچوك.
دوەم: لە پێناو پڕكردنەوی خواستی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، رێگریی بكرێت لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
سێهەم: پێكهێنانی چەند لیژنەیەك لە قەزا و ناحیەكان، كە بەدواداچوون بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان بكەن و بە چاودێریی فەرمانگەكانی كشتوكاڵ، جوجك بكرێتە پرۆژە و كێڵگە پەلەوەرییەكان و رێكخستنەوەیان بۆ بكرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/