بە مەبەستی باشتركردنی تەزووی كارەبای نیشتمانیی و كارئاسانی بۆ گواستنەوەی وزە لە نێوان هێڵەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لەسەر بودجەی داهاتی كارەبا لە سنوری سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی وزەی كارەبای سلێمانی و لەسەر بودجەی داهاتی (8%)ی كارەبا، بەبڕی نزیكەی (700) ملیۆن دینار، پرۆژەیەكی كارەبا لە سلێمانی جێبەجێدەكرێت.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە (پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای (هێرۆ)وە جێبەجێ دەكرێت و لە چەند بەشێك پێكهاتووە و بریتییە لە گۆڕینی بەشێك بە هێڵی 33 كەی ڤی قولەرەیسی - مۆبایلی هەڵگورد و گۆڕینی بەشێك لە هێڵی 33 كەی ڤی تانجەرۆ – باشور و گۆڕینی رێڕەوی هێڵی 33 كەی ڤی شارباژێڕ + سیتەك، ئەو بەشەش بە ڕاكێشانی هێڵێكی 33 كەی ڤی لە نێوان وێستگەی بەردەكە و وێستگەی تاڤگە و هەروەها دانانی تاوەرێكی جۆری DCS بۆ مۆبایلی سەیدسادق).
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبا ئاماژەی بەوە كردووە، پرۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، سودێكی زۆری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بارزۆریی لەسەر هێڵەكان و وێستگەكان.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/