سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوای بۆردومانەكەی قەزای پێنجوێن، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە پارێزگاری سلێمانییەوە دەكات و لە دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە دەپرسێت، پارێزگاریش نیگەرانیی پارێزگا و قائیمقامیەتی پێنجوێن و خەڵكی سنورەكە دەگەیەنێت بە سەرۆك وەزیران.
شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 15/16-4-2023 بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیدا، لە بۆردومانەكانی سنوری قەزای پێنجوێنی پرسی، كە تیایاندا ناوچەكانی (وریاوا و كانی میرانی باباعەلی و ساڵیاوا)، كرابوونە ئامانج، پشتیوانیی بەڕێزیانی بۆ پارێزگای سلێمانی و قائیقامیەتی پێنجوێن و خەڵكی سنورەكە؛ دەربڕی و هیوای خواست كە ئەم ڕوداوانە كۆتاییان بێت و هیچ زیانێكی گیانیی و ماڵیی لێنەكەوێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی سوپاسی بایەخ و بەدەمەوەهاتنی خێرای بەڕێزیانی كرد و نیگەرانیی خۆیان و قائیقامیەتی قەزای پێنجوێن و خەڵكی سنورەكەی پەیوەست بەم هێرشانە؛ گەیاندە بەڕێزیان، بە ئومێدی كۆتاییهاتنی ئەم هێرشانە و بەدورگرتنی هاووڵاتیانی ناوچەكە بە تایبەتیی كە لە ئێستادا سەرگەرمیی كشتوكاڵ و ژیانی ئاسایی خۆیانن.
بەپێی لێكۆڵینەوە بەراییەكان، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانەدا؛ تا ئێستا دوو كەس شەهید بوون و دوو كەسی تریش بریندارن.
پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا هاوخەمیی خۆیی بۆ شەهیدەكان دەربڕیوە و هیوای چاكبونەوەی خێراشی بۆ بریندارەكان خواستوە.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/