بەبۆنەی یادی رۆژی ژینگەی كوردستانەوە، چەندین چالاكیی جۆراوجۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوون و تێیاندا بەگرنگییەوە باس لە پاراستنی ژینگەی كوردستان و پاكڕاگرتنی كرا.
ڕۆژی یەكشەممە 16/4/2023، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا بەشدارییكرد لە چالاكییە ژینگەییەكانی كۆلێژی ئەزمەڕی بەهرەداراندا.
لە رێوڕەسمەكەدا و لەلایەن قوتابیان و خوێندكارانی بەهرەمەندەوە، بە سەرپەرشتیی مامۆستایان چەند چالاكییەكی ژینگەیی بە دروشمی (دەرفەتێك بۆ گەڕانەوەی ژیان) ئەنجامدران و تێیاندا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی پاراستنی ژینگەی كوردستان كرا.
پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پێزانین و پشتیوانی پارێزگای سلێمانیی، پێشكەش بە بەڕێزان بەڕێوەبەر و مامۆستا و خوێندكاران و كەسوكاری خوێندكاران كرد.
هەر بە بۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستانەوە، لە سنوری شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی و چەندین فەرمانگەدا، ژمارەیەك چالاكیی نەمامچاندن و هەڵمەتی پاكردنەوە و سیمینار و چالاكیی ژینگەیی بەڕێوەچوون، لەلایەن خۆبەخشان و رێكخراوەكانیشەوە چەند چالاكییەكی جۆراوجۆر ئەنجامدران.
رۆژی 16ی نیسانی ساڵی 1987 رژێمی بەعس، ناوچەكانی بالیسان و شێخ وەسانانی كیمیاباران كرد و ژینگەی كوردستانی تێكدا، پەرلەمانی كوردستانیش ساڵی 2008 بە بڕیارێك ڕۆژی 16ی نیسانی وەكو ڕۆژی ژینگەی كوردستان ناساند.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/