ڕێكارەكانی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون

پارێزگای سلێمانی

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، شەش ڕێكاری گرنگی بۆ ڕێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەركردوە و داوا دەكات هێنانەناوەوەی ئاژەڵ بە شێوەی نافەرمیی كۆنترۆڵ بكرێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ، پێویستە چەند رێكارێكی بەپەلە بگیرێنەبەر بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون:
یەكەم: پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانە فەرمییەكاندا سەرببڕدرێن و بە پشكنین و مۆری فەرمیی ڤێتێرنەرییەوە بخرێنە بازاڕەوە، سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاكان و لاكۆڵانەكان قەدەغەیە.
دوەم: دەبێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنین بۆ سەرجەم ئاژەڵەكان بكرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەكە.
سێیەم: پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و كەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەكاندا ڕەچاو بكرێت.
چوارەم: كەرەنتینەكانی ئاژەڵ لە مەرز و فڕۆكەخانەكاندا، پێویستە پشكنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بكرێت كە دەهێنرێنەناو هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەكان.
پێنجەم: وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكاری پێویست دەگرێتەبەر، بە مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی (قڕنە)، كە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەكاندا، هەڵمەتەكەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەبێت.
شەشەم: كۆنترۆڵكردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەكی نافەرمی و لە سنورەكانی دەرەوە و نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی كە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونیان تێدا بڵاوبووەتەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ هانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و گۆشتفرۆشەكان دەدات، خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov