لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئامادەكارییەكان دەستیان پێكردووە، بە ئامانجی رێگرتن لە كەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و پاوان و باخچەكاندا، بە تایبەت لە وەرزی هاوین و گەرمادا، كە بە هۆی زۆریی بارانبارینەوە، رێژەی سەوزایی لەچاو ساڵانی پێشووتر زۆر زیادی كردووە، بەو هۆیەشەوە رێژەی پووش و پاوانەكان زیاترە و پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئاگركەوتنەوەكان زیاد بكات.
هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە سایتی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: ئەمساڵ بارانێكی زۆر باریوە و گیایەكی زۆر لە ناو دارستانەكاندا بوونی هەیە و مایەی مەترسییە بۆ هەر ئەگەرێكی ئاگركەوتنەوە، وتیشی: بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكان، ساڵانە لە دارستانەكاندا دەستدەكەن بە دروستكردنی هێڵی ئاگربڕ و نوێكردنەوەی ئاگربڕەكان.
بەگوێرەی ئامارەكان، ساڵانە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەوە لە دارستان و لەوەڕگاكاندا، سەدان و بگرە هەندێكجار هەزاران دۆنم دارستان و پووش و پاوان و باخ و رەزی سروشتیی و هاووڵاتیان دەسوتێن و زیانێكی زۆری مادییان لێدەكەوێتەوە، بەوتەی چالاكوانانی ژینگە و ئاژەڵدۆستانیش، بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانەوە سەدان ئاژەڵ و باڵندە و خشۆك لەناودەچن و زیان بە سروشت دەگات.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی باسی لەوەكرد، مانگی ئادار ئاگربڕیان كردووە و دەرمانی قەڵاچۆكەری گژوگیایان بەكارهێناوە، بەڵام زیانی هەیە بۆ سەر ژینگە و بونەوەران و سروشتی خاكەكە، لەبەر ئەوە رێژەیەكی زۆر كەمیان ڕشتووە، وتیشی: بۆیە ناچاربوون دووجار ئاگربڕ بكەن و دەستیانكردووە بە هەڵمەتی ئاگربڕ بە بلدۆزەر، بۆ ئەوەی پشتێنە بۆ رووبەرێكی زۆری دارستان دروست بكەن و بیپارێزن، ئەگەر لەلایەك ئاگر كەوتەوە، نەپەڕێتەوە و تەشەنە نەكات بۆ بەشێكی تری دارستانەكە.
بەهۆی كەمیی كارمەند و ئامێر و تەرخانكراوی دارایی، بەشێك لە دامودەزگاكانی حكومەت ناتوانن وەكو پێویست كار بۆ پاراستنی دارستان و پاوان و باخەكان بكەن، بەو هۆیەشەوە ژمارەی كەوتنەوەی ئاگرەكان زیاد دەكەن، نەبوونی ئامێری پێویستیش بۆ دەستگەیشتن بە دارستان و چیا سەختەكانیش، هۆكارێكی دیكەیە، كە ناتوانرێت ئاگربڕی پێویست لە سەرجەم ناوچەكان بكرێت، لە كاتی ئاگركەوتنەوەشدا بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت.
بەوتەی هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، بە هۆی كەمیی كرێكار، ناتوانن ناو هێڵەكان پاكبكەنەوە و بژار و بنكۆڵ بكەن و پشتێنەكان دروست بكەنەوە، تەنها دەتوانین ئاگربڕەكان نوێبكەنەوە، لەبەر سەختیی هەندێك ناوچەش، ناتوانن بەئامێر ئاگربڕ دروست بكەن و ناوچەكە پاكبكەنەوە، چونكە ئامێر و بلدۆزەرەكان و شۆفێرەكانیش، مەترسیی كەوتنەخوارەوەیان لەسەرە، لەبەر ئەوە ئەو شوێنانە تەنیا بە كرێكار دەكرێت، وتیشی: داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار و قائیمقامی سلێمانی كردووە، كە لانیكەم (30 بۆ 50) كرێكاریان بۆ دابینبكەن، بۆ ئەوەی بەزوویی دەستبكەن بەئاگربڕ لە دارستانی گۆیژە، بە حوكمی ئەوەی دارستانی گۆیژە رووبەری بەرفراوانە.
ئەمساڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم رێگەی نوێیان گرتووتەبەر بۆ بەرگرتن لە كەوتنەوەی ئاگر و كەمكردنەوەی ژمارەی ئاگرەكان، ئەویش بە پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ چاودێریكردنی ناوچە گەشتیارییەكان و ئەو شوێنانەی سەیرانكەر و گەشتیاران روویان تێدەكەن.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، رێنماییان بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە، كە لە كاتی گەشت و سەیراندا هەتا دەتوانن لە شاخی گۆیژە ئاگر نەكەنەوە و مقەڵی و خەڵوز بەكارنەهێنن، داوایان لە پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامی سلێمانی كردووە، ئاگركردنەوە لە سنوری شاخی گۆیژە نەهێڵن و قەدەغەی بكەن، بە حوكمی ئەوەی، كە بە پێی یاسای دارستان ژمارە (10)ی ساڵی 2012 ئاگركردنەوە لە دووریی 200 بۆ 300 مەتر لە دووریی لە دارستانەكانەوە قەدەغەیە.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/