رێنمایی تایبەت بە وەرزی گەرما

پارێزگای سلێمانی

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە هەماهەنگیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، چەند رێنماییەكی تایبەت بەوەرزی هاوین و خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای بەتین بڵاودەكاتەوە.
لە ڕێنماییەكانی تەندروستیدا هاتووە: لە پێناو پاراستنی تەندروستیی و خۆپارێزیی لە گەرمای هاوین، پێویستە هاووڵاتیان هەوڵبدەن لە نێوان كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ هەتا 3ی پاشنیوەڕۆ، لە تیشكی راستەوخۆی هەتاو دووربكەونەوە و لە كاتی چوونەدەرەوەشدا دژەخۆر بەكاربهێنن.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەش دەكات، باشترە هاووڵاتیان خواردنە ساردەكان بخۆن، بەتایبەت ئەو سەوزە و میوانەی، كە ڕێژەیەكی زۆر ئاویان تێدایە و لە كاتی گەرمادا سوود بە جەستە دەگەیەنن.
لە رێنماییەكاندا ئەوەش هاتووە، باشتر وایە رۆژانە هاووڵاتیان دوشێكی فێنك وەربگرن، یاخود پێستیان تەڕ بكەن، لە كاتی پێویستیشدا پارچە قوماشێكی تەڕ بەكاربهێنن بۆ شێداركردنەوەی پێست، هەروەها ئاو و شەربەتی سارد بخۆنەوە، ئەگەریش ناچار بوون لەگەرمادا بچنە دەرەوە، ئەوا لە سێبەردا بڕۆن.
بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی، پێویستە لە وەرزی هاوین و بەتایبەت لە كاتی هاتنی شەپۆلی گەرمادا، جلوبەرگی لەلۆكە دروستكراو بەكاربهێنرێت، كاتێكیش چوونە بەر هەتاو، كڵاو لەسەر بكەن بۆ داپۆشینی دەموچاو و مل و گوێ.
داواش لە هاووڵاتیان كراوە، دووربكەونەوە لە چالاكییە قورسەكانی دەرەوە و لە كاتەكانی تردا كاریان تێدا بكرێت، وەك كاتەكانی بەیانیان زوو یاخود ئێواران.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov