له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی شاری سلێمانی چه‌ند شه‌قامێك داده‌خرێت

پارێزگای سلێمانی

قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانی پلانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ڕۆژی 27 ی مانگ ئاشكرا ده‌كات و ڕایگه‌یاند: له‌ دوو شوێن گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ڕێگه‌ش ناده‌ین شه‌قامی گشتی به‌ ڕووی هاووڵاتیان دابخرێت.

ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی كۆبووه‌وه‌ بۆ دانانی ڕێ و شوێن و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 27ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌ختیار عبدالرحمن قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانی ڕایگه‌یاند: به‌ پێ ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ دراوه‌، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ شه‌قامی نێوان بینای پارێزگای سلێمانی و پردی قلیاسان له‌ گه‌ڵ به‌رده‌م بینای په‌روه‌رده‌ی سلێمانی داده‌خرێت و دوو گردبوونه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.

داواشی كرد له‌ خۆپیشانده‌ران داوا ڕه‌واكانیان به‌ هێمنی و به‌ شێوه‌یه‌كی شارستانی بگه‌یه‌نن و توند و تیژیش به‌رامبه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كارنه‌هێنن و نه‌بنه‌ هۆی گرتنی ڕێگه‌ی هاتووچۆی هاووڵاتیان.

ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: جگه‌ له‌و دوو شوێنه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی خۆپیشاندانی تێدا دراوه‌، له‌ هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌نجام بدرێت ڕێگه‌ی لێناگیرێت به‌و مه‌رجه‌ی شه‌قامه‌كان نه‌گیرێت و پشێوی لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌.

 

له‌ سایتی SNN وه‌ وه‌رگیراوه‌