پارێزگاری سلێمانی پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات

پارێزگای سلێمانی

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان مامۆستایانی خۆشەویست
هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەموو سات و كات و سەردەم و قۆناغێكی ژیانی هەر یەكەمان و میللەتەكەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفاو ئەمەكداریی هەموومانە.
مافی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم موچەخۆرانی تریش؛ مافێكی سروشتیی و یاسایی و كەسیی هەریەكەمانەو، نكۆڵیی لە كەمتەرخەمیی و خراپئیدارەدانی وڵات و دارایی و زامننەكردنی یاساییانەو ئاساییانەی موچەو بوجە؛ لە هەردوو حكومەتی ئیتحادیی و هەرێمی كوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناكرێت.
پشتیوانەكانتان لە هەموو فەرمانگا خزمەتگوزاریی و ئارامیی و كارگێڕیی و یاساییەكاندا؛ لە پێناوی چاكەی گشتیی و پاراستنی تەندروستیی و ئاسایش و ئارامیی و ئاوو كارەباو ڕێگاوبان و شارەوانیی و ...تاددا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت؛ بەردەوامن.
سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندكار؛ لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانكۆكاندا؛ چاویان لە دەستێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، موچەو ماف و شایستە داراییەكان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێكدا دەبێت قەرەبووبكرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناكرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیارە كە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبكات.
كاری ئێوەی بەڕێزو پیرۆز؛ كارێكی پەیامدارانەی پێغەمبەرانەیە، بەهادارترو بەرپرسانەترە لە هەر شتێك و هەر دۆخێك، چۆن هەموومان داوا لە حكومەتی ئیتحادیی دەكەین كە موچەو بوجە تیكەڵی دۆسییەو ململانێ سیاسییەكان نەكات، بە هەمان شێوەش داواكارم كە ڕێگا نەدەن داواو مافی ڕەوای مامۆستایان و موچەخۆران تێكەڵ بە هەڵبژاردنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەرژەوەندیی تایبەتیی هیچ حیزبێك و هیچ كەسێك؛ بكرێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە موچە لە عیراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا زیاتر لە دە ملیۆن كەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە پەیامداریی پێش هەر دەسكەوتێكی ترە.
بەهەوڵی زانایانەو جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردەو فێركردن و كەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەكەمی هەموو عیراقە، وەك هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق وتی: مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت.
بۆیە بە ناوی هەموو خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەكەین دەوامی خوێندن دەستپێبكەنەوەو پۆلەكانی خوێندن گەرمبكەنەوە، تەنها لە پێناوی نەوەكانمانداو هیچی تر.
داوا لە حكومەتی ئیتحادیی دەكەم كۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵك و موچەو بوجەی هاووڵاتیان تێكەڵ بە هیچ دۆسییەیەكی تر نەكات، بەردەوام بونی حكومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەكردنی موچەو مافە داراییەكانی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا؛ تەواكردنی پرۆسەی جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستانە، كە دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە.
داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەركی حوكمڕانیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی كوردستان بەگشتیی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبكات و موچەی بەردەوامی كەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبكات و خەرجبكات.
داوا لە مامۆستایانی خۆشەویست دەكەم بەبەردەوامبون لە داكۆكیكردن لە مافەكانیان و مافی هەمووان، بە بڕیارو ئیرادەی كەسیی خۆیان؛ پرۆسەی خوێندن؛ ببوژێننەوە.
گۆرانی مەزن، دەڵێت:
((ئەگەر دوێنێ مامۆستاكان
یەك سوڵتانیان پێ ئەگەیان،
ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای كورد
دانیشێ و بە ڕاوێژی ورد
ڕێگای پێگەیاندن دانێ،
بۆ ملیۆنان، نەك سوڵتانێ! )).
ئەحمەدی خانی مەزنیش دەردەكانی كورد، بە:
(نەخوێندەواریی، هەژاریی، دووبەرەكیی)،
باسدەكات، سەرچاوەی هەمووشیان بۆ نەخوێندەواریی دەگەڕێنێتەوە.
نا بۆ نەخوێندەواریی، نا بۆ ڕاگرتنی خوێندن..
دڵسۆزتان
هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری خزمەتكاری سلێمانی
١٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

youtube.com/@slemanigov

https://t.me/slemanigov